هەواڵگریی ئێران زانیاری لەبارەی ڕێكخەری كوشتنی فەخریزادە ئاشكرادەكات

ئەو ئۆتۆمبێلەی فەخریزادەی تیا كوژرا

پاش ئەو زانیارییانەی باسی لەوەدەكرد كە ڕێكخەری كوشتنی زانا ئەتۆمییەكەی ئێران پێشتر سەر بە هێزە چەكدارەكانی وڵاتەكە بووە، وەزیری هەواڵگریی ئێران دەڵێت، تۆمەتبارەكە بەر لە ئەنجامدانی كارەكە بەرەو دەرەوە هەڵهاتووە.

مەحمود علوی، وەزیری هەواڵگریی ئێران لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی ئێران وتی، تۆمەتباری ڕێكخەری كردەی كوشتنەكە “داواكراو و چاودێریكراوە لەئێستادا”، دوپاتیشیكردەوە پێشتر لە ڕیزی هێزە چەكدارەكانی ئێران دەركراوە.

علوی ئەو شوێنەی ئاشكرانەكرد كە تۆمەتبارەكە كاری تیاكردووە، لە سایەی بوون چەند جۆرێكی هێزی چەكدار لە ئێران، هەروەك ئاماژەی بەو شوێنەش نەكرد كە ئێستا لێیەتی.

هەفتەی ڕابردوو ڕۆژنامەی (زە جیویش كرۆنیكڵ) كە بارەگاكەی لە لەندەن-ە وتی، پلاندانان بۆ ئەنجامدانی كوشتنی موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆمیی ئێران ماوەی هەشت مانگی خایاندووە، لەڕێی گروپێكی زیاتر لە 20 كەسییەوە كە لەنێوانیاندا هاوڵاتیی ئیسرائیلی و ئێرانی هەیە.

بەپێی ڕۆژنامەكە ئەو كەسانە بۆسەیان بۆ داناوە دوای ئەوەی لە ئازاری ڕابردووەوە چاودێری جموجوڵەكانیان كردووە.

ڕۆژنامەكە، كە دێرینترین ڕۆژنامەی جووەكانە لە جیهاندا، لەسەر زاری سەرچاوە هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەكانەوە بڵاویكردەوە، كوشتنەكە لەڕێی چەكێكی ئۆتۆماتیكی بووە كە كێشەكەی دەگاتە هەزار كیلۆگرام و لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (موساد)ەوە بۆ ناو ئێران دزەیپێكراوە پاش هەڵوەشاندنی بۆ چەند بەشێك.

لە 27ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو موحسین فەخریزادە (59 ساڵ) لە نزیك تاران-ی پایتەخت كوژرا.

تائێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆی لە كردەوەكە نیشاننەداوە، بەڵام ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئێران، ئیسرائیل-یان بەو كارە تۆمەتباركرد.

سەرچاوە هەواڵگرییەكان دوپاتیانكردەوە كە چەكەكە، بەپێی خواست دروستكراوە، زۆر قورس بووە بەهۆی ئەوەی بۆمبێكی تیابووە كە پاش كردەی كوشتنەكە بەڵگەكانی لەناوبردووە.

(زە جیویش كرۆنیكڵ) ئاماژەی بەوەشكرد چەكەكە زۆر ورد بووە كە بەهۆیەوە هیچ كەسێكی مەدەنی نەپێكاوە، تەنانەت هاوسەرەكەی فەخریزادە كە لە تەنیشتیەوە بووە و پاسەوانە كەسییەكانیش هیچیان نەپێكراون.

س: ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

کچێک لە ڕۆژی گواستنەوەیدا خۆی کوشت

بابەتی دواتر

پۆلیسی نەینەوا دەستگیرکردنی پێنج ئەندامی داعشی ڕاگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share