بۆچی یوڤانتۆس دوای خستنی گەورەکان بە ئاستێکی خراپەوە دەرکەوت؟

یوڤانتۆس بەهۆی سێ هۆكارەوە ئاستی لەم وەرزەدا ناهاوسەنگ بووە

یانەی یوڤانتۆس لەم وەرزەدا بە سەرپەرشتی ئەندریا پێرلۆ ئاستی ناهاوسەنگ بووە، لە یارییە گەورەکاندا دەگەڕێتەوە و پاش چەند ڕوبەڕوبوونەوەیەک کتوپڕ ئاستیان بەرەوخوار دەڕوات.

لەم وەرزەدا بەرانبەر فیۆرنتینا، ئینتەرمیلان و لە کۆتاییدا بەرانبەر ناپۆلی ئاستیان خراپ بووە و دۆڕاندنیان تۆمارکردووە، سەرەتا بەرانبەر فیۆرنتینا بە ئەنجامی (0-3) دۆڕاندنیان تۆمارکردووە و بەرانبەر ئودینێزی، میلان، ساسولۆ، جێنەوا بەهێزەوە گەڕاونەتەوە.

لە هەفتەی 18ی کالچیۆ جارێکی دیکە بەرانبەر ئینتەرمیلان (2-0) دۆڕاندنیان تۆمارکردووە و بەرانبەر یانەکانی بۆلۆنیا، سپال، سامپدۆریا، ئینتەرمیلان و ڕۆما بەهێزەوە گەڕاونەتەوە و زنجیرەیەک بردنەوەیان تۆمارکردووە، لە کۆتا هەفتەشدا جارێکی دیکە بەرانبەر ناپۆلی بە گۆڵێکی بێوەڵام دۆڕاندنێکی دیکەیان (1-0) تۆمارکرد.

بەپێی شیکارییەکی ڕۆژنامەی توتۆ سپۆرت، هەڵکشان و داکشانی ئاستی خانمە پیرەکە لەم وەرزەدا پەیوەندی بە چەند خالێکەوە هەبووە، گرنگترینیان ئەمانەن:

یەکەم: سەرجەم یانەکان بەهۆی زۆری خشتەی یارییەکانەوە ناڵاندوویانە، ئەم دیاردەی هەڵكشان و داکشانە لە یانەکانی ئینتەر و میلان و لازیۆ و ناپۆلی بەهەمان شێوە دەرکەوتووە، تەواوی ئەم کێشەیەش پەیوەندی بە پەتای کۆرۆنا و تێکچوونی خشتەی یارییەکانەوە هەیە.

دووەم: لە ڕووە دەروونیەکانەوە لەم وەرزەدا ئەستێرەکانی بیانکۆنێری ئاستەنگیان بۆ دروستبووە و گووشاری توندیان لەسەرە، پاش زنجیرە سەرکەوتنەکان متمانە و بەردەوامبوون لەدەستدەدەن، بەردەوامبوون جگە لەوەی پەیوەندی بە دۆخی هونەری و جەستەییەوە هەیە، لەهەمان کاتدا بەندە بە ئەزموونی یاریزانان و ڕاهێنەرەوە و ئەم خەسڵەتەش لە پێکهاتەی نوێی یوڤی بوونی نییە، مەگەر چەند یاریزانێکی وەک کریستیانۆ و کیلینی و بوفۆن نەبێت کە پێشتر بەم بارودۆخانەدا تێپەڕیان کردووە، لە هەمووان کاریگەرتر ئەندریا پێرلۆی ڕاهێنەرە کە ئەزموونێکی کەمی هەیە لە بواری ڕاهێنان.

سێیەم: پێکانەکان یەکێکی دیکەیە لە کێشەکان، بۆنموونە، بوونی ئارسەر مێلۆ لە پێکهاتەی بیانکۆنێری نێوەندی ڕێژەی خاڵ بۆ 2.2 بەرزدەکاتەوە، بە پێچەوانەوە لەگەڵ هەر ڕەخسێنەرێکی دیکەی گۆڵدا نێوەندی ڕێژەی خاڵەکانیان 1.8 بووە.

ئارسەر یەکێکە لەو یاریزانانەی بەهۆی پێکانەوە بەشداری سەرجەم یارییەکانی نەکردووە و دیسانەوە تووشی پێکان بووەتەوە، هەرچەندە ئەم بابەتە پەیوەست نییە بە یاریزانێک و دووانەوە، بەڵام پێرلۆ لەم وەرزەدا زۆرینەی یاریزانانی دووچاری پێکان بوون و نەیتوانیوە پێکهاتەیەکی چەسپاوی سەرەکی بخاتە کارەوە.

بابەتی پێشتر

ئوسترالیا.. دەست بە كوشتن و سك هەڵدڕینی تیمساحەكانی ناوچەیەك كراوە

بابەتی دواتر

ئوپامیکانۆ، بەرگریکارە نوێیەکەی بایرن کێیە و چۆن یاریدەکات؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share