پۆلیسی هەولێر ئاشکرای دەکات، ژنێکی بیانیان لە گەڕەکێکی ئەو شارە دەستگیرکردووە کە دزی لەو ماڵە کردووە تێیدا خزمەتی کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێر، “بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، نوسینگەی عەنكاوە، دوای ئەوەی ئاگاداركرانەوە كە لە گەڕەكی (ئاشتی) دزی لە ماڵێك كراوە، دەستبەجێ دەستیان بە لێكۆڵینەوەیەكی چڕ كرد و توانییان ژنێکی بیانی، كە پیشەی كارگوزارە و تەمەنی 33 ساڵە بە ناوی (ر.ب)، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دزیكردن قۆڵبەست بكەن”.
تۆمەتباری ئاماژەپێكراو، دانی ناوە بە تاوانەكەیدا كە لەو ماڵەی كاری تێدا كردووە، بڕی (11 ملیۆن دینار)ی دزیووە، بۆیە پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كرایەوە و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددە (444/بڕگە 6) لە یاسای سزادان، راگیرا.
بەپێی یاسای سزادانی عێراقی هەر کەسێک خاوەنی هەر ناسنامە و ڕەگەزنامەیەک بێت، کە تاوانەکەی لەسەر خاکی عێراق ئەنجامدا ئەوا بەپێی مادەکانی 43 و 44 بەپێی وردەکاری تاوانەکە سزا دەدرێت.
یاساکە جیاوازی ناکات لە نێوان کەسێکی عێراقی یان کەسێکی هەڵگری ڕەگەزنامەی دیکە، ئەگەر تاوانەکەی بەسەردا ساخ بوویەوە و دانی بە تاوانەکەیدا نا، ئەوا بەپێی یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەکرێت.