نەتەوەیەكگرتووەكان: 12 ملیۆن سوری بەدەست نەبوونی خۆراكەوە دەناڵێنن

برسێتی هەڕەشە لە سورییەكان دەكات

ژمارەی ئەو سورییانەی نەبوونی ئاسایشی خۆراك هەڕەشەیان لێدەكات لە زیادبووندایە، بەپێی ڕاپۆرتێكی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان.

بەرنامەی خۆراكی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان ڕۆژی شەممە 13ی شوبات لە ڕاپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، ژمارەی ئەو سورییانەی ڕوبەڕووی برسێتی دەبنەوە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرزبووەتەوە بەراورد بە ساڵی پێشتر.

ڕونیشیكردەوە، 12.4 ملیۆن كەس لە سوریا، كە وڵاتەكە بەدەست جەنگەوە دەناڵێنێت، ململانێ بۆ بەدەستهێنانی بڕی پێویستی خۆراك دەكەن، زیادبوونی ژمارەكەشی بە مایەی “نیگەرانی” ناوبرد.

بەرنامەكە ئەوەشی وت، ژمارەكە واتە “60%ی دانیشتووانی سوریا لەئێستادا بەدەست نەبوونی ئاسایشی خۆراكەوە دەناڵێنن” پشت بەست بە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی نیشتیمانی لە كۆتاییەكانی ساڵی 2020دا.

جیسیكا لۆسون، وتەبێژ بەناوی بەرنامەی خۆراكی جیهانی وتی، ژمارەیەكی زۆرتری سورییەكان بەرەو كەناری برسێتی و هەژاری و نەبوونی ئاسایشی خۆراك دەخزێن زیاتر لە هەر كاتێكی ڕابردوو.

وتیشی، “ئەوەی مایەی نیگەرانییە ژەمە سەرەكییەكان لەئێستادا لە بەردەست زۆرێك لە خێزانەكاندا نییە”.

شەڕی سوریا كە نزیكەی 10 ساڵە بەردەوامە ئابوریی وڵاتەكەی داڕماندووە و هەڵاوسانی لە زۆرینەی ناوچەكانی وڵاتدا دروستكردووە.

بەرنامەی خۆراكیی جیهانی بڵاویكردەوە لە سەرەتای ساڵی 2021دا نرخی ماددە خۆراكییەكان لە زۆرینەی ناوچەكانی وڵاتدا 33 جار زیاتر بووە لە ناوەندی پێنج ساڵی بەر لە جەنگ.

س: DW

بابەتی پێشتر

لیژنەی دارایی: لە دوو ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆکانی هەرێم و بەغداد لەسەر بودجە یەکلایی دەبێتەوە

بابەتی دواتر

ئەمریكا.. لە ماوەی 24 كاتژمێردا چوار شەڕەچەقۆ لە میترۆیەكدا ڕویاندا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share