بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق ئەمڕۆ شەممە 13ی شوبات ڕایگەیاند کە نابێت ڕێگە بدەین عێراق بکرێت بە مەیدانی یەکلاییکردنەوەی ململانێ ناوچەییەکان و بەبێ سەقامگیری و ئاسایشی عێراق ناوچەکە سەقامگیری و ئاسایش بەخۆیەوە نابینێت.
بەرهەم ساڵح لەمیانی بەشداریکردنی لە یادی ڕۆژی شەهیدانی عێراق ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ یادی شەهیدانی عێراق دەکەینەوە دژی زوڵم و سەرکوتکردن و تیرۆر”.
وتیشی، “پێویستمان بە پێداچوونەوەیە لە کۆی پرۆسەی سیاسی و دانانی بەڵێننامەیەکی سیاسی نوێمان پێویستە کە تێیدا هەڵەکان ڕاستبکرێنەوە و ویستەکانی گەلی تێدە جێگەببێتەوە”.
وتیشی، “نابێت هەنگاوەکانی چاکسازی کە بەدەستمانهێناوە فەرامۆش بکەین و پێویستە بایەخ بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بدەین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئاستەنگی زۆرمان لەبەردەمدایە بۆ بەردەوامبوونی جاکسازییەکان و گرنگترینیشیان ئەو ئاستەنگانەیە کە دێنە بەردەم هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد”.
سەرۆککۆماری باسیلەوەکرد، “ئێمە پێویستمان بە بیروڕا و ڕێگەی جیاواز هەیە، بەڵام بە کێشە و ناکۆکیی نەتەوەی و مەزهەبی دەگەڕێنەوە دواوە، لەلایەکی دیکەوە بە بونیادنانی وڵاتێک لەسەر بنەموی یاسا و پاراستنی سەروەرییەکانی وڵاتەکەمان بەرەوپێش دەچین و هەنگاوەکانمان مایەی شانازی دەبن”.
بەرهەم ساڵح باسیلەوەشکرد، “ناێت ڕێگەبدەین عێراق بکرێت بە مەیدانی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکانی ناوچەکە و ئاسایش و سەقامگیری لەو ناوچەیە بەدینایەت ئەگەر ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق بەدینەیەت”.