وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوا لە توركیا دەكات ڕێز لە سەروەریی خاكی عێراق بگرێت.
لە بەرامبەر ئەو پرۆسە سەربازییەی كۆتایی هەفتەی ڕابردوو بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان بە بیانوی هێرشكردنەسەر گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەستیپێكرد، وتەبێژێك بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئاگاداری ڕاپۆرتە هەواڵییەکانین لەبارەی ئەو ئۆپراسیۆنەوە”.
وتەبێژەكە، كە لەڕێی ئیمەیلەوە وەڵامی ئێستا-ی دایەوە، وتیشی، “هەر كردەیەكی سەربازیی لەناو عێراق پێویستە ڕەچاوی ڕێزگرتن لە سەروەریی خاكی عێراق بكات”.
چوارشەممەی ڕابردوو وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ-2 دژی پەکەکە لە کاتژمێر 2:55 خولەکی بەرەبەیان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و وەک بەرپرسانی سوپای تورکیا دەڵێن پێشتر عێراق و هەرێمیان لە هێرشەکان ئاگادارکردوەتەوە.
بەپێی سەرچاوەكان ئێوارەی دوێنێ شەڕی توند لە چیای گارە و سێ ناحیەی سەر بە پارێزگای دهۆك ڕویداوە. سایتی ئەلعەرەبییە لەسەر زاری پەكەكەوە بڵاویكردەوە لەمیانەی ڕوبەڕوبوونەوەكاندا 30 سەربازی توركیا كوژراون.
پێنجشەممەی ڕابردوو کۆما جڤاکێن کوردستان (كەجەكە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “ناوچەى گارە زۆر لە سنووری تورکیا دورە و لە ناو باشووری کوردستاندایە، هەموو کات لە دژی گارە هێرشی ئاسمانی ئەنجامدراوە، ئەوە یەکەمجارە لە عەرزەوە سەربازیان نارد و دەستیان بە جموجوڵی داگیرکەری کرد، بێگومان بۆ ئەوەى جوڵەیەکی داگیرکەری لە دژی گارە ئەنجام بدرێت، دەبێت رێگاپێدان و پەسەندکردنی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ەوە هەبێت”.
لای خۆیەوە محه‌مه‌د ره‌زا حه‌یده‌ری، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگه‌یاند، ”ڕێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ توركیا له ساڵی 2008 كراوه و ڕێگه‌ی پێدراوه له خاكی عێراقدا چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی بكات، بەڵام توركیا پاپهندنهبووه به ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان هاتوه‌ته ناوه‌وه”.
وتیشی، “ئه‌و ڕێككه‌وتنه بۆ هه‌فته‌یه‌ك یان دوو هه‌فته بووه و ڕوبه‌ری ئۆپەراسیۆنەکەش دیاریكراو بووە كه تا چه‌ند ده‌توانێت پێشڕه‌وی بكات”.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئێستا توركیا به درێژایی 17 كیلۆمه‌تر خاكی عێراقدا داگیركردووه و ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یكات نیمچه داگیركردنێكە.