شاری قوم.. لە ساڵیادی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڤایرۆسێکی دیکە تۆمارکرا

تەنها هەفتەیەکی ماوە بۆ ساڵیادی تۆمارکردنی دوو حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری قوم لە ئێران ئەمڕۆ فەرمانگەی ڤێتەرنەری ئەو شارە هەواڵی تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی ئەنفلۆنزای باڵندەی ڕاگەیاند.

ساڵێک پێش ئێستا بەڕێوبەرایەتی تەندروستی ئەو شارە ئاشکرایکرد کە دوو حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون و توشبوان لەژێر چاودێریدان.

ئەمڕۆ 12 ی شوبات، فەرمانگەی ڤێتەرنەری شاری قوم ڕایگەیاند، “لەناو چەند باڵندەیەکدا ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە تۆمارکراوە و ڕێکاری پێویست گیراوەتەبەر بۆ دورکەوتنەوە و نەگواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ”.

فەرمانگەکە داوای لە خاوەن باڵندە و کێڵگەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر کردووە هەموو ڕێکارەکانی پاراستنی خۆیان و پەلەوەرەکانیان بگرنەبەر، چونکە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ئەگەرێکی بەهێزە.

شاری قوم، حەوتەمین شاری گەورەی ئێران و ناوەندی پارێزگای قومە، کەوتووەتە 140 کیلۆمەتری باشووری تاران، بەپێی سەرژمێری ساڵی 2016 ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە یەک ملیۆن و 201 هەزار و 158 کەس بووە.

قوم لە ڕووی ئایینیەوە یەکێکە لە شارە گەورەکانی ئایینی شێعە و ساڵانە خەڵکێکی زۆر بۆ مەبەستە ئایینیەکان سەردانی ئەم شارە دەکەن، بۆیە گواستنەوەی ڤایرۆسەکان لەم شارەوە بۆ وڵاتانی دەوروبەری ئێران هەمیشە ئەگەرێکی کراوەیە.

 

بابەتی پێشتر

سێ بومەلەرزە گەرمیانی هەژاند

بابەتی دواتر

بڕی ڤایرۆسەکانی کۆرۆنا لە جیهاندا کۆبکرێتەوە چەند دەبێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share