وەرزش لە سەردەمی نوێدا وەک سەدەی ڕابردوو نەماوە، هاوشێوەی سێکتەرەکانی دیکە بووەتە بوارێکی بازرگانی نمرە یەک و ساڵانە یاریزانان سەدان ملیۆن دۆلار داهات کۆدەکەنەوە.
لە ڕابردوودا یاریزانان بە بڕێکی کەم وەرزشیانکردووە و لە کۆتاییەکانی ژیانی وەرزشیاندا بوونەتە ملیۆنێر، یاخود وەک دەوڵەمەندێکی ئاسایی ژیانی خۆیانی تایبەتییان بونیادناوە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی هێزی بازرگانی کۆمپانیا و یانەکان و چەندین سەرچاوەی دیکەوە یاریزانان لە سەرەتاوە لاوێکی کەم ئەزموون دەردەکەون و کۆتاییەکەیان ملیاردێربوونە.
لەم بارەیەوە ڕۆژنامەی مارکا ئاشکرایکردووە، کە مایکڵ جۆردانی ئەفسانەی باسکەی ئەمریکا لە بوارە داراییەکاندا تاوەکو ئەم ساتە هاوتای نەبووە و لەڕووی داهات و سەروەتەوە دەکەوێتە پلەی یەکەمەوە، هەروەها یاریزانانی وەک کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی گەیشتوون بە ئاستی ملیاردێربوون.
مارکا ڕیزبەند و پۆلێنی وەرزشکارە دەوڵەمەندەکانی بەپێی ڕێژەی سەرمایەکانیان بەم شێوەیە کردووە:
- مایکڵ جۆردان (باسکە): سەروەتەکەی ملیارێک و 800 ملیۆن دۆلارە
- تایگەر وودز (گۆڵف): سەروەتەکەی ملیارێک و 700 ملیۆن دۆلارە
- جاک نیکلاوس (گۆڵف) سەروەتەکەی ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلارە
- کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ (تۆپی پێ): ملیارێک دۆلار
- لیۆنێل مێسی (تۆپی پێ): ملیارێک دۆلار
- مایکڵ شوماخەر (فۆرمولا 1): ملیارێک دۆلار
- فلۆید مایوێزەر (بۆکسێن): 915 ملیۆن دۆلار
- ڕۆجێر ستاباخ (تۆپی پێی ئەمریکا): 600 ملیۆن دۆلار
- ڕۆجێ فێدرەر (تێنسی سەرزەوی): 450 ملیۆن
- ئالێکس ڕۆدریگێز (بەیسبوڵ): 450 ملیۆن
- پایتۆن مانینگ (تۆپی پێی ئەمریکا): 250 ملیۆن
- واین گریتزکی (خلیسکانی سەر سەهۆڵ): 250 ملیۆن
- سیرینا ویلیامز (تێنسی سەرزەوی): 225 ملیۆن
- ماریا شاراپۆڤا (تێنسی سەرزەوی): 200 ملیۆن
- تۆم برادی (تۆپی پێی ئەمریکا): 200 ملیۆن
- ڤالێنتینۆ ڕۆسی (مۆتۆ جی پی): 160 ملیۆن
- میکایل فیلیپس (مەلەوانی): 80 ملیۆن
- یوساین بۆلت (گۆڕەپان و مەیدان): 31 ملیۆن
- گاری کاسپارۆڤ (شەترەنج): پێنج ملیۆن
- بابی ڕوس (بەیسبوڵ – 1930): 2.4 ملیۆن