كاكەییەكان لە ترسی داعش گوندەكانیان جێدەهێڵن

زۆرینەی كاكەییەكان لە 12 گوندی پارێزگای كەركوك نیشتەجێن

چالاكبوونەوەی داعش لە هەندێك ناوچەی عێراق ترسی لەنێو بەشێك لە هاوڵاتیان و پێكهاتە جیاوازەكاندا دروستكردووە، لەنێویاندا كاكەییەكان كە ژمارەیەكیان گوندەكانیان لە ترسی دووبارە بەئامانجگرتنەوەیان لەلایەن چەكدارانی ڕێكخراوەكەوە چۆڵكردووە.

“كارە تیرۆرستییەكانی قاعیدە و داعش بووەتە هۆی دوایی هێنان بە ژیانی 450 كەس لە كاكەییەكان لەوكاتەوەی ڕوویان لە ناوچەكە كردووە” وەك ئەوەی كوێخا عەزیز، كەسایەتی كاكەیی دەیڵێت.

ئەو وتیشی، “ئەوان رقیان لە ئاینەكەمانە، ڕقیان لەوەیە وەك ئەوان نوێژناكەین و بەڕۆژوو نابین”.

كاكەییەكان بە درێژیی سمێڵیانەوە ناسراون، كە بەهۆی سروتە ئاینی و كۆمەڵایەتییەكانەوە كورتی ناكەنەوەن، هەر ئەمەش بووەتە ناسنامەیان و ناسینەوەشیان لەلایەن چەكدارانی داعش و گروپە توندڕەوەكانەوە.

زۆرینەی كاكەییەكان لە 12 گوندی پارێزگای كەركوك نیشتەجێن، لەكاتێكدا شارەكە بەمدواییە جارێكی دیكە بووەتە ئامانجی پاشماوەی چەكدارانی داعش.

ساڵی ڕابردوو هێرشێك كە گوماندەكرێت لەلایەن داعشەوە بوبێت بووە هۆی كوژرانی لانیكەمی حەوت كاكەیی لە نزیك سنوورەكانی باكووری عێراق لەگەڵ ئێران.

بەپێی وتەی بەرپرسان زیادبوونی هێرش و چالاكییەكانی داعش لە ناوچەكەدا لەم ڕۆژانەی دواییدا بووەتە هۆی ئاوارەبوونی كاكەییەكان لە گوندەكانیان.

لە كانونی دووەمی ڕابردوو دوو خۆكوژ لە بازاڕێكی بەغداد خۆیان تەقاندەوە و بەهۆیەوە لانیكەم 32 كەس كوژران، كە بە یەكەم كاری خۆكوژی دادەنرێت لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا.

بەپێی وتەی دەسەڵاتدارانی عێراق هێرشەكان پێدەچێت نیشانە بێت بۆ گەڕانەوەی ڕێكخراوەكە پاش ڕاگەیاندنی شكستی سەربازییان لە ساڵی 2017دا.

كاكەییەكان كێن؟
كاكەیی یان یارسان، ئاینێكە تائێستا لەچەند ناوچەیەكی جیهان بونی هەیە، بەشێكی زۆری پەیڕەوانی ئەو ئاینە لە چەند ناوچەیەكی كوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور دەژین.

ڕەگ و ڕەچەتەی یارسانەكان بەپێی ‌جیاوای ناوچە و سەرچاوە مێژوییەكان چەندین ناوی تری هەیە وەك (ئەهلی هەق، كاكەیی، عەلی ئیلاهی..) بەڵام لەكۆی هەموویاندا ناوی یارسان بەكاردێت. لەگەڵ ئەوەشدا خۆیان پێیانباشە بە (یاری و یارسان) ناویان بهێنرێت.

كاكەییەكان دەڵێن، ئاینەكەیان بەر لە زیاتر لە 5000 ساڵ دەركەوتووە، بەپێی سەرچاوە مێژوییەكان بنەڕەتی ئەم ئاینە لەنێو گەلانی هندۆ-ئەوروپی سەریهەڵداوە و لەڕێی ئەوانیشەوە لە ڕۆژئاوای ئاسیا و كوردستان بڵاوبووەتەوە، بەڵام یەكەم ناساندنی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 14ی میلادی لەڕێی سوڵتان ئیسحاق دامەزرێنەری ئاینەكە.

كاكەییەكان بەشێكی زۆریان لەنێو سنووری ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستاندا دابەشبوون، ژمارەیان لە هەرێمی كوردستان بە نزیكەی 250 هەزار كەس دەخەمڵێندرێت، لە ڕۆژهەڵاتیش ژمارەیان نزیكەی سێ ملیۆن كەسە.

لە ئاینی كاكەییدا ژن پێگەیەكی گەورەی هەیە و، خاوەن چەندین مافە بەراورد بە كلتور و ئاینەكانی دەوروبەر.

ژنانی كاكەیی

كتێبی پیرۆز
كتێبی یارسانەكان ‌ناوی (سەرئەنجام)ە، كە كتێبی پیرۆزیانە، هەموو بەشەكانی كتێبەكە بەشێوە‌ هەورامی (گۆران) نوسراون تەنها لە دەورەی عابدینی جاف نەبێت كە بەشێوە‌ی جافەكانی دەشت و بناری شارەزور نوسراوەتەوە، ئەم شێوازە قسەكردنە بە هەورامی جافی ناوی هاتووە.

شوێنكەوتوانی یارسان باوەڕیان بە گواستنەوەی رۆح هەیە و باوەڕ بە ئەشكەنجەی ناو گۆڕ ناكەن، لەعنەتیش لەهیچ دروستكراوێك و لەنێویشیاندا شەیتان ناكەن.

سەرهەڵدان
ئیدمۆنز باس لە سەرهەڵدانی “یارسان” دەكات كە ئەو هەر بە “كاكەیی” ناوی دەبات و دەیگێڕێتەوە بۆ سەردەمی ژیانی سوڵتان سەهاك، ئەو لایوایە ئەم ڕێكخستنە سەرەتاكەی بۆ شێخۆ شێنی لوڕستانی دەگەڕێتەوە، هەروەها هەندێ ڕازی باسكردوە وەك ڕازی داواكردنی دیران خاتون بۆ شێخ عیسای بەرزنجی، هەروەها شەڕی سوڵتان سەهاك و یارانی لەگەڵ لەشكری چیچك.

لەگەڵ ئەوەشدا باس لەوە دەكات كە كاكەییەكان بەشێوەیەكی گشتی دەكرێن بە دوو بەشەوە (گۆران و شمشێر ئاوردە).

باسیل نیكتن لەكتێبی (الاكراد) لەلاپەڕە (213، 214) باس لە كاكاییەكان دەكات و دەڵێ، مەسەلەی ئەهلی هەق تەنها بە خوازانینی خەلیفەی چوارەمی موسوڵمانان نی یە، بەڵكو پەیوەستە‌ بە ئەو قۆناغەوە كە‌ زاتی خودا دەچێتە ناو تەنی مرۆڤەوە لەهەر قۆناغێكیشدا چوار فریشتەی لەگەڵدان، هەروەها باس لەوە دەكات كە دابەزینی كەلامی خودا لەسەردەمی عەلیدا نەبوە بەڵكو لەسەردەمی شاخۆشینی لوڕستانیدا بوە.

بۆچی وردەكاری ئاینەكە نادیارە؟
ئەوان لەڕوی ئایینەوە زۆر گۆشەگیرن، هەروەك لەكۆنەوە دەڵێن یەكێك لە بنەماكانی ئاینەكەیان نهێنی پاراستنە، تەنانەت دركاندنی بچوكترین نهێنی دینەكەشیان بە تاوانێكی گەورە دادەنێن، ئەوەی بەكارێكی لەم چەشنە هەستێت بە كەسێكی لادەر و قێزەون و بێزراو لەقەڵەمی دەدەن، دیارە ئەمە ‌نەك بنەمایەكی دینەكەیانە، بەڵكو بوەتە بەشێك لە كلتورو رسوماتیان بۆتە بەشێك لە كەسایەتییان.

دابڕانێكی جوگرافی گەورە لەنێوان یارسانەكاندا هەیە، شوێنكەوتوانی ئەم ئاینە لەچەندین ناوچە و هەرێمی جیاواز و دور بەیەك هەن و بڵاوبوونەتەوە، وەك هەرێمی ئیلیزابس پۆر ناوچەی قارس، چەند ناوچەیەك لە قەفقاس، هەریەك لە وڵاتانی توركیا و سوریا، لوبنان، هەروەها لە عێراق و ئێرانیش دەژین، ئەم پەرتەوازەییەش بوەتە هۆی ئەوەی بكەونە ژێر كاریگەریی ئاینەكانی ترەوە.

س: دەنگی ئەمریكا + ئەلحوڕە + میدیاكان

بابەتی پێشتر

گەوهەرەکەی یونایتد بە بەڵگە و باوانی ساختەوە بووەتە یاریزان !

بابەتی دواتر

مارسێلۆ و مێندی.. زێدان پلانەکەی خواندی ڕامۆس دووبارە دەکاتەوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

قوباد تاڵەبانی بۆ کەرکوکییەکان: کۆتایی بەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە دەهێنین و یەکێك لە ئێوە دەکەینەوە پارێزگار

سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان لە شاری کەرکوکەوە لە ڕێوڕەسمی بانگەشەی لیستەکەیدا ڕایگەیاند، “دەنگەکانتان بەفیڕۆمەدەن و هاوپەیمانی کوردستان وەک نوێنەری…
Total
0
Share