مەسرور بارزانی: مەلەفی نەوت ڕادەستی بەغداد ناكەین

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە هەوڵی ئەوەدان كاری حكومەت بە ئەلیكترۆنی بكەن و لەگەڵ كۆمپانیایەكی بیانیش بە دەروازە سنوورییەكاندا دەچنەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی شوبات لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “لەگەڵ كۆمپانیایەكی بیانی بە دەروازە سنوورییەكاندا دەچینەوە و هەوڵی بە ئەلیكترۆنیكردنی كاری حكومەت دەدەین بۆ نەهێشتنی ڕۆتین و خێراكردنی كارەكانی حكومەت”.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوەشی ڕایگەیاند، “بۆ لەمەودوا هەوڵدەدەین دەرفەت بە كۆمپانیا بچوكەكان بدرێت و هاوكاریان بین، چونكە لەڕێی ئەوانەوە هەلی كار بۆ خەڵك دروست دەكات و گرنگی پێدەدەین”.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەكرد، “سەبارەت بە بودجەی هەرێمی كوردستان قسەی زۆرمان كردووە و ئیشی باش كراوە و هەنگاوی باش نراوە، هەوڵدەدەین بۆ مانگی سێ پرۆژەیاساكە ئامادە بكرێت و بینێرینە پەرلەمان و ئەوانیش كاری پێویستی لەسەر بكەن”.

سەبارەت بە لێخۆشبوونی گومرگی، سەرۆكی حكومەت ڕاگەیاند، “هیچ لێخۆشبوونێكی گومرگی نامێنێت جگە لەوەی حكومەتی هەرێم ڕێگای پێدەدات، هەروەها هەڵدەستین بە زیادكردنی باج لەسەر ئەو مادانەی زیان بە بەرهەمی ناوخۆ دەگەیەنێت، ناهێڵین بە هیچ جۆرێك هیچ كۆمپانیایەك مەوادی زیاتر یان بە كوالیتی خراپتر داخڵ بكات”.

لەبارەی كێشەكانی پەیوەست بە نەوتەوە، مەسرور بارزانی وتی، “وەزیرێكی نوێمان هەیە و بڕوامان هەیە دەتوانێت كاری باش بكات، بەشێك لە كڕیارانی نەوت پێشتر قەرز یان پارەی پێشوەختەیان بە حكومەتی هەرێم داوە، ئەوەش بەهۆی نەهاتنی پارە لە بەغدادەوە بوو، لەم كابینەیەدا هەوڵمانداوە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو كڕیارانەدا بكرێت بۆ كەمكردنەوەی ئەو جیاوازییەی لە نرخی نەوتدا هەیە”.

ئەوەشی خستەڕوو، “باس لەوە كراوە كە هەرێمی كوردستان نەوتەكەی 10 بۆ 11 دۆلار كەمتر لە سۆمۆ دەفرۆشێت، ئەمە ڕاست نییە و تەنانەت سۆمۆش كەمتر لە نرخی نەوتی برێنت دەیفرۆشێت بە سێ بۆ چوار دۆلار، هەناردەكردنی نەوتی هەرێم هەمووی لەسەر شانی حكومەتی هەرێمە و نرخی گواستنەوەی زیاترە ئەوەش بابەتێكی دیكەی گفتوگۆیە لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ”.

ئاشكراشیكرد، “دەرهێنانی نەوت لە كڵێگەكانی نەوت خەرجییەكانی زیاترە، بۆیە گفتوگۆ بەردەوامە بۆ ئەوەی خەرجییەكان كەمبكرێنەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەو كۆمپانیایانەی لە بورای نەوت و گازدا لە هەرێم كاریان دەكرد، 30 كۆمپانیا بوون، بەڵام ئێستا ڕێژەیان بۆ 130 كۆمپانیا بەرزكراونەتەوە، هەمووشیان پابەند دەبن بە پێدانی باج”.

مەسرور بارزانی وتی، “ئێمە ئامادە نیین مەلەفی نەوت ڕادەستی بەغداد بكەین، چونكە ئەوە وازهێنانە لە مافێكی دەستووری، ئەگەر حكومەتی عێراقیش بڕیاربدات هیچ بڕە شایستەیەك نەنێرێت وەك ساڵانی ڕابردووی لێدێت و بڕی داهات كەم دەكات، بەڵام ئامادەكاریمان كردووە بۆ ئەوەی ناوماڵی خۆمان لەڕووی ئابورییەوە ڕێكبخەینەوە”.

سەبارەت بە پرسی لامەركەزی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، “پرۆژەی دیكە بەدەر لە پرۆژەی كابینەی نۆی حكومەت بۆ پرسی لامەركەزی قبوڵ ناكەین، لێرەوە داوا دەكەن دەسەڵات لە هەولێر وەربگرنەوە و لەوێشەوە دەیانەوێت هەموو دەسەڵاتەكان بدەن بە بەغداد، ئەوەش جێی پرسیارە، هەموو پارێزگاكان وەك یەك تەماشا دەكەین و دەسەڵاتی زیاتریش بە حكومەتە خۆجێیەكان دەدەین”.

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێراندا سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشكرد، “دەسەڵاتی تەواو لای شاندەكەی حكومەتی هەرێم بوو لە بەغداد، بۆ ئەوەی بەبێ گەڕانەوە بۆ ئێمە بڕیار بدەن”.

“لەبارەی ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد، خۆشبینم و دەمەوێت بگەین بە ڕێككەوتن و پەرۆشین بۆ ڕێككەوتن، ناردنی ئەو هەموو شاندەش دەرخەری ئەوە بووە، بەڵام ڕێككەوتنێكی دەستووریمان دەوێت”، مەسرور بارزانی وای وت.

لەبارەی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێم و پێشێلكردنی سەروەری خاكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت وتی، “ئەگەر لە ڕۆژی یەكەمەوە پەكەكە ڕێزیان لە دەسەڵات و سەروەری خاكی هەرێم بگرتایە، توركیا نەدەهات ئەو كارانە بكات، بەو هۆیەشەوە سەدان گوندی هەرێمی كوردستان ئاوەدان نەكراونەتەوە”.

سەبارەت بە ئازادیی ڕادەربڕین و دەستگیركردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانان مەسرور بارزانی ئاشكرایكرد، “ئەوانەی دەستگیركراون ڕۆژنامەنوس و چالاكوان نین، بەشێكیان سیخوڕی وڵاتان بوون و بەشێكی دیكەشیان هەوڵی تەقاندنەوەی باڵەخانە و پێگەی بیانییەكانی هەرێمیان داوە و هەوڵی كووشتن و ڕفاندنیان داوە، تەنها لە بەرگی ڕۆژنامەنوسدا بوون”.

بابەتی پێشتر

ڕۆحانی: بەهۆی خۆڕاگری گەل و حکومەتی ئێران ترەمپ توشی شکستبوو

بابەتی دواتر

ئاسایشی سلێمانی لەسەر شەڕەکەی ئەمڕۆی بازگەی تاسڵوجە ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سلێمانی.. ژمارەیەك ئۆتۆمبێل و هاوڵاتی كە لەبەستەڵەكی رێگاوباندا گیریانخواردبوو رزگاركران.

قائیمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ژمارەیەك ئۆتۆمبێل و هاوڵاتی كە لەبەستەڵەكی رێگاوباندا گیریانخواردبوو رزگاركران. بەپێی راگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی كە وێنەیەكی…
Total
0
Share