عێراق.. پێنج زیندانیی بە تۆمەتی تیرۆر لەسێدارە دران

لە زیندانی ناسرییەی باشووری عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە پێنج زیندانی بە تۆمەتی تیرۆر لە سێدارەدران سەرەڕای ناڕەزاییە نێودەوەڵەتییەکان لە دژی زۆری بڕیارەکانی لەسێدارەدان لە عێراق.

میدیا عێراقییەکان لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاویانکردەوە، “ئەو چوارکەسەی لەسێدارەدراون بە تاوانی تیرۆر زیندانی بوون سەرجەمیان لەڕەگەزی نێر بوون و عێراقیش بوون”.

ئەو تاوانبارانە لە زیندانی ناسرییەی سەربە پارێزگای زیقار لەسێدارە دراون کە تاکە شوێنە لە عێراقدا تاوانبارەکانی تێدا لەسێدارە دەدرێت، ئەمەش وایکردووە عێراقییەکان زیندانەکە بە (نەهەنگ) ناوبێنن کە زیندانییەکان قوتدەدات.

بەپێی یاسایەک کە لە ساڵی 2005دا دەرکراوە هەر کەسێک تاوانی تێوەگلان لە تیرۆری بەسەردا بسەپێت بە لەسێدارە دەدرێت، ئەمە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە پەیوەندی دەکەن بە کۆمەڵە و گروپە لەیاسا دەرچووەکانەوە تەنانەت ئەگەر هیچ کردەوەیەکی تیرۆریستیشیان بەسەردا ساغ نەبوبێتەوە.

لەدوای ڕاگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر داعشدا لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە لە ساڵی 2017دا، عێراق سەدان بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ ئەندامانی ڕێکخراوی داعش دەرکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی کەم لەو بڕیارانە جێبەجێکراون چونکە بڕیارەکە پێویستی بە ڕەزامەندی و واژووی سەرۆککۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح هەیە کە خۆی یەکێکە لەوانەی دژایەتی بڕیاری لەسێدارەدان دەکات.

لە مانگی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی عێراق ئاشکرایان کرد کە سەرۆککۆمار ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی 340 بڕیاری لەسێدارەدان داوە کە تۆمەتباربوون بە ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی و تاوانکاری گەورە.

لەوبارەیەوە سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقەوە بە فرانس24ی راگەیاندووە کە بەشێکی زۆری ئەو سزایانەی ڕەزامەندییان لەسەر دراوە دەگەڕێتەوە بۆ پێش دەستبەکاربوونی بەرهەم ساڵح لەو پۆستەدا.

بابەتی پێشتر

لەسەر تەقەكردن لە سلێمانی 5 تۆمەتبار دەستگیركران

بابەتی دواتر

بتكۆین.. بەرزبوونەوەی نرخ و قۆناغێكی نوێ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share