سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا نیگەرانە لە بڵاوبوونەوەی جۆرە ئەفریقییەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەی و ڕاشیگەیاندووە، ڤاكسینی دژە كۆرۆنا كاریگەریی باشی هەبووە.
بۆریس جۆنسن، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا ئەمڕۆ دووشەممە 8ی شوبات، ڕایگەیاند، پرۆسەی كوتانی هاوڵاتییانی بەریتانیا بەشێوەیەكی خێرا بەردەوامە و 12 ملیۆن كەس تا ئێستا بە ڤاكسینی دژە كۆرۆنا كوتراون.
سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا ئەوەشی خستوەتەڕوو، پلانیان هەیە دەست بكەن بە كوتان بە ڤاكسینی دووەم.
بۆریس جۆنسن متمانەی بە ڤاكسینەكانی ئەسترازێنێكا و فایزەر هەیە و دەڵێت، “ئەو دوو جۆرە ڤاكسینەی دژە كۆرۆنا ئێستا بەكاریان دەهێنین و كاریگەرن”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ڤاكسینەكانی دژە كۆرۆنا دەرچەیەكن بۆ ئەم دۆخەی بەهۆی پەتای كۆرۆناوە دروستبووە.
سەبارەت بە جۆرە نوێیەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، “نیگەرانین لە بڵاوبوونەوەی جۆرە ئەفریقییەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا”.
وڵاتی بەریتانیا لەنێو وڵاتانی ئەوروپا، گەورەترین زیانی بەهۆی پەتای كۆرۆناوە پێگەیشتووە.
لەو وڵاتە تا ئێستا 112 هەزار و 465 كەس بەهۆی كۆرۆناوە مردوون، كۆی گشتیی ئەو كەسانەشی تووشی كۆرۆنا بوون لە بەریتانیا 3 ملیۆن و 945 هەزار و 680 كەسن.