مەسرور بارزانی: چاکسازی بۆ هێنانەدی دادپەروەری و پاراستنی مافی خەڵکی شایستەیە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئامانج لە چاکسازی هێنانەدی دادپەروەری و پاراستنی مافی خەڵکی شایستەیە و دەشڵێت، چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و سەرجەم کەرتەکان دەگرێتەوە.

لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ئەمڕۆ دووشەممە 8ی شوبات بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی (یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی)، لە وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە ئامانج لە چاکسازی هێنانەدی دادپەروەری و پاراستنی مافی خەڵکی شایستەیە.

وتیشی، “چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و سەرجەم کەرتەکان دەگرێتەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش سوورە لەسەر درێژەدان بە چاکسازیی کارگێڕیی و دارایی و نەهێشتنی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی”.

لە بەشێكی كۆبوونەوەكەدا عەبدولحەکیم خەسرەو، سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاساكەی چاکسازی خستەڕوو، پاشان وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەپێی تایبەتمەندی، ڕاپۆرتی خۆیان سەبارەت بە بەرەوپێشچوونەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، بە ژمارە و زانیاری پێویست پێشکەشکرد، کە تایبەت بوو بە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە موچە و ئیمتیازات و خانەنشینی و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و نەهێشتنی ڕۆتین لە فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەتدا.

بڕیاردرا ژمارەیەک ڕاسپاردە بخڕێنە بەردەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەمەبەستی تەواوکردنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی.

بابەتی پێشتر

بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی كوەیت پەنا بۆ "سندوقی نەوەكانی داهاتوو" دەبات

بابەتی دواتر

سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا لەبارەی ڤاكسینی دژە كۆرۆناوە گەشبینە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاگاداری ئەو کەسانە دەکاتەوە کە کارتی بایۆمەترییان وەرنەگرتووەتەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئۆفیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، ئاگاداری ھەموو ئەو دەنگدەرانە دەکەنەوە کە لە ماوەی نێوان (2022⁄3⁄22)…
Total
0
Share