چوار پەرلەمانتاری عێراق لەبارەی موچەی فەرمانگە فیدراڵییەكانەوە ڕوونكردنەوەیەكیان بڵاوكردەوە

چوار پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق، ڕوونكردنەوەیەك لەبارەی موچەی فەرمانبەران و كارمەندانی ڕەگەزنامە و بەنداوەكان و چەند فەرمانگەیەكی تری فیدراڵی بڵاوكردەوە.

هەریەك لە ئەحمەد حاجی رەشید، جەمال کۆچەر، شێروان میرزا و هۆشیار عەبدوڵا لە ڕوونكردنەوەكەیاندا كە ئەمڕۆ دووشەممە 8ی شوبات بڵاویانكردووەتەوە، بە پێویستی دەزانن حكومەتی هەرێمی كوردستان “موچەکانیان بە تەواوی سەرف بکات، یاخود لەسەر خۆی بیکاتە پابەندییەك.”

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن كە نووسراویان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق كردووە لەبارەی موچەی ئەو فەرمانگانەوە و دەڵێن، “نوسراومان بۆ وەزارەتیی دارایی کردوە کە بە زوترین کات سەرفبکرێ و بریکاری وەزیری داراییش وەلامی داوەتەوە کە بە زویی بۆ هەرێمی دەنێرن.”

دەقی ڕوونكردنەوەكەی چوار پەرلەمانتارەكە:-

“رونکردنەوەیەکی پێویست:

سەبارەت بە دواکەوتنی تەمویلی فەرمانگە ئیتیحادییەکان کە لە دوای قانونی پڕکردنەوەی کورتهینانی داراییەوە چەند مانگێکە دواکەوتوە، ئەمڕۆ پەیوەندیمان بە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە کرد و داوامان لێکرد کە ئەو پارەیە بە زویی بنێرن، پێی راگەیاندین نوسراومان بۆ وەزارەتیی دارایی کردوە کە بە زوترین کات سەرفبکرێ و بریکاری وەزیری دارایش وەلامی داوەتەوە کە بە زویی بۆ هەرێمی دەنێرن.

داوای ئێمە ئەوەیە حکومەتی هەرێم تەحەمولی ئەو هەڵوێستەی بکا کە خۆی ئەو فەرمانگانەی لە روی دابەشکردنی موچەوە بەستۆتەوە بە خۆیەوە و بە دڕێژایی سالانی رابردو رێگربوە لەوەی موچەکانیان بگوازینەوە سەر حکومەتی فیدراڵیی. لێرەوە پێویستە موچەکانیان بە تەواوی سەرف بکا یاخود لەسەر خۆی بیکاتە ئیلتزام، هەمان شت بۆ تێکرای فەرمانبەرانی هەرێم داوای ئێمەیە و مافێکی ئاسایی و یاسایی خۆیانە نەک منەت و بەخشندەیی حکومەتی هەرێم.

ئێمە لێرە لە بەغدا بەدوای ئەو دۆسێیەدا چوین و لە قانونی موازەنەشدا برگەیەکمان بۆ گواستنەوەی یەکجاری ئەو مەلەفە بۆ سەر حکومەتی بەغدا جێگیرکردوە و هیوادارین حکومەتی هەرێم لەبری رێگری هاوکارمان بێت بۆ ئەوەی ئەو ئیلتزامە بکەوێتە سەر شانیی حکومەتی فیدراڵی و هاوشیوەی گومرگ و پاسەوانی سنور راستەوخۆ موچە وەربگرن.

 

ئەحمەد حاجی رەشید

جەمال کۆچەر

شێروان میرزا

هۆشیار عەبدوڵا

۸ ی شوباتی ۲٠۲۱”

بابەتی پێشتر

ڕاپۆرتێک مەترسیی تەقینەوەی دووەم لە بەندەرەکەی بەیروت ئاشکرا دەکات

بابەتی دواتر

بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی داعش بەغداد و دیمەشق هەماهەنگی دەكەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share