كۆرۆنا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.. عێراق دووەمە لە ژمارەی گیانلەدەستدان

بە ژمارەی مردووان عێراق ڕیزبەندی دووەمی گرتووە لە لیستی زۆرترین زەرەرمەندانی پەتای كۆرۆنای نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەپێی داتایەكی فەرمی كە ئامارەكانی تا 7ی شوباتی تیا تۆماركراوە، ئێران لە ڕیزبەندی یەكەمدایە بە تۆماركردنی ملیۆنێك و 466 هەزار و 435 توشبوو و، 58 هەزار و 469 حاڵەتی مردن، بەمەش ڕێژەی 3.99%ی مردووان لەنێو نەخۆشانی ڤایرۆسەكەی هەیە.

دووەم وڵاتە عێراقە بە 627 هەزار و 416 توشبوو و، مردنی 13 هەزار و 111 كەس، ڕێژەی 2.09%ی مردنی لەنێو توشبووانی پەتاكەدا هەیە.

بەپێی ئاژانسی فڕانس پرێس كۆی گیان لەدەستدان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا گەیشتووەتە 129 هەزار و 176 كەس، لەگەڵ تۆماركردنی پێنج ملیۆن و 992 هەزار و 454 توشبوو، بە ڕێژەی 2.16%ی مردن لەنێو توشبووانی كۆڤید-19.

بەشێك لە وڵاتان ژمارەیەكی زۆری مردنیان بەراورد بە توشبوون هەیە، لە میسر 5.68%ی توشبووانی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، لە سوریا 3.75%، لە یەمەن ڕێژەكە 28.9% مردنە لەنێو توشبوواندا.

قەتەر لەنێو وڵاتانی ناوچەكەدا كەمترین زەرەرمەندی كۆرۆنایە، كە 250 حاڵەتی مردن و، 153 هەزار و 690 توشبوونی هەیە، بە ڕێژەی 0.16%ی مردن لەنێو كۆی توشبوواندا.

بابەتی پێشتر

ئێران: سەدام پەلاماری كەنداوی دا و ترەمپ دۆشینی

بابەتی دواتر

لە ٪19ی جیهادییەکان لە ئەوروپا دەژین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share