بەبێ كورد و بە زۆرینە بودجەی عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند دەكرێت؟

پەرلەمانتارێكی شیعە ئاشكرایدەكات، لە ئەگەری ڕێكنەكەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان بودجە بە زۆرینە تێدەپەڕێندرێت و پەرلەمانتارێكی كوردیش بە دووری نازانێت.

دوایین هەوڵ بۆ ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانی عێراقەوە دەدرێت، “پێشنیازێكی نوێ لە ئارادایە”.

بژاردەی دەنگدانی زۆرینە لەسەر بودجە لە بەردەمماندایە

ئەمڕۆ شەممە 6ی شوبات، لە لێدوانێكی بۆ بەشێك لە میدیاكانی عێراق، محەمەد بەلداوی، ئەندامی هاوپەیمانیی فەتح لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، “كورد سوورە لەسەر پێدانی تەنها 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، لەكاتێكدا ئەوە پێچەوانەی یاسای قەرزە، پێویستە ئەوان سەرجەم نەوتەكەیان ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكەن”.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستوەتەڕوو، “بژاردەی دەنگدانی زۆرینە لەسەر بودجە لە بەردەمماندایە”.

لای خۆشییەوە ڕیاز مەسعودی، پەرلەمانتاری سائیرون بۆ میدیاكانی عێراقی ئاشكراكردووە، “لەمپەری سەرەكی لە بەردەم پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق لە ئێستادا ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدادە”.

ئەمڕۆ نەرمینواندنێكمان بینی و بۆچوونێكی دیكە هەیە

سەبارەت بە هەمان پرس، جەمال كۆچەر، ئەندامی كورد لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەڵێ ئەگەری هەیە كە بە زۆرینە تێپەڕێندرێت لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێككەوتن، بەڵام بەشێكی ئەو قسانەس هەڕەشەن بۆ ئەوەی فشارێك لەسەر كورد دروست بكەن لەم كاتی دانوستانەدا”.

جەمال كۆچەر ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەمڕۆ نەرمینواندنێكمان بینی و بۆچوونێكی دیكە هەیە، محەمەد حەلبوسی بیرۆكەیەكی پێشكەش كردووە و بۆ ئێمەی ئاشكراكردووە، بەڵام ئێمە جارێ ناتوانین ئاشكرای بكەین، ئەو دەچێت لەگەڵ لایەنە شیعە و عەرەبەكانیش كۆدەبێتەوە و پێشنیازەكەی دەخاتەڕوو بزانە قبوڵیانە یان نا”.

“ئەگەر ئەو پێشنیازە نوێیەی حەلبوسی سەربگرێت و ڕێككەوتن لەنێوان هەولێر و بەغداد بكرێت زۆرباشە و كورد بەشدار دەبێت لە بودجەدا، بەڵام ئەگەر سەرنەگرێت ئەوا بەبێ كورد تێدەپەڕێندرێت و هەرێمی كوردستانیش دەبێت چاكسازی خۆی بكات و نەوتی خۆی بفرۆشێت و موچە بدات”، وەك جەمال كۆچەر ئاشكرایكرد.

ئەوەشی وت، “ئیستا نرخی نەوت گەیشتووەتە ئاستێك، ئەگەر پێنج دۆلاری تری بچێتە سەر، ئەوا هەرێم هیچ كێشەیەكی نابێت و دەتوانێت موچەی خۆی بدات”.

سەبارەت بە وادەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساكە، ئەو پەرلەمانتارە كوردە وتی، “لیژنەی دارایی ڕایگەیاند كە ڕۆژی پێنجشەممە پرۆژەكە ئامادەیە بۆ دەنگدان، بەڵام سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وتی بۆ ئەوەی دەرفەتێك بە دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغداد بدرێت با دوابخرێت بۆ ڕۆژی شەممەی داهاتوو”.

بابەتی پێشتر

هوێسکا 1-2 ڕیاڵ مەدرید

بابەتی دواتر

ئۆتۆمبیلێک کەوتە ڕوباری سیروانەوە و شۆفێرەکەی خنکا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار دابەزی

ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتی داخستنی بازاڕەکانی دراودا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەهای دۆلاری ئەمریکی دابەزی و 100 دۆلار…
زیاتر ببینە

پارەی کارمەندانی سەر سندووقەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان خەرجدەکرێت

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڵاویکردەوە، وەزیری دارایی رەزامەندی دەربڕیوە بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی کارمەندانی سەر…
Total
0
Share