یانەی ڕیاڵ مەدرید بەهۆی خراپی ئەنجامەکانەوە دەناڵێنێت، سەرچاوەکان ئاماژە بە دوورخستنەوەی زینەدین زێدان دەکەن و ئەوەش ڕاهێنەرەکەی بەتەواوی بێزارکردووە.
لە کۆتا پڕیس کۆنفرانسدا ڕاهێنەرەکە توڕەیی و بێزاری بەرانبەر بە ڕۆژنامەنوسانی ئیسپانیا نیشاندا و بە ئاشکرا ڕایگەیاند، کە بێزارە و چەندین هۆکاری بۆ توڕەیی و بێزارییەکەی ڕوونکردەوە.
ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، کە چەند هۆکارێک لە پشت بێزاری ڕاهێنەرەکەوەیە، بەم شێوەیە پۆلینی کردوون.
ڕەخنە بەردەوامەکان: چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە دوای یەکێک لە دۆڕاندنەکان پرسیاری لەبارەی داهاتوویەتی لێکرا، ئەویش بە توڕەییەوە ڕایگەیاند، ” چی بکەم، دەستبەرداری ئەم وەرزە ببین”.
ئەوەش تاکە ڕەخنە نەبووە، بەڵکو خاڤێر تیباسی سەرۆکی ڕایەڵەی یانەکانی لالیگا و میدیاکان دوای دۆڕاندن بەرانبەر ئوساسۆنا ڕەخنەبارانیان کردووە، ڕاهێنەرەکە هەستدەکات لەلایەن ئیدارەی ڕیاڵەوە پارێزگاری لێناکرێت.
پاڵپشتی ناکرێت: ئیمیلۆ بوتراگینۆی بەرپرسی پەیوەندیەکانی ڕیاڵ و فلۆرنتینۆ پێرێز و ئەنخێل سانجێز، سەرۆک و بەڕێوبەری گشتی ڕیاڵ وەڵامی ڕەخنەکان نادەنەوە، بەشێوەیەکی تر خۆیان لە ڕەخنەکان دەدزنەوە و زێدانیان بە تەنها بەرانبەر ڕەخنەگران بەجێهێشتووە.
سەرباری ئەوەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا وێنای ڕائول گۆنزالێسی ئەفسانەی یانە و ڕاهێنەری تیپی دووەمی ڕیاڵ لە میدیاکانەوە نەخشێنراوە، بەم هۆیەوە زێدان هەستدەکات پاڵپشتی ئیدارەی یانەی لەدەستداوە.
گواستنەوەکان: لە ساڵی 1980وە ڕووینەداوە ڕیاڵ مەدرید لە سێ وادەی گواستنەوەدا یاریزان نەکڕێت.
بەدەر لە دۆخی دارایی یانەکانی ئەوروپا، زێدان چەندین یاریزانی لەدەستداوە و لە جێگەیان هیچ یاریزانێکی گەورە و کاریگەری بۆ دابیننەکراوە.
نوێنەکردنەوەی بۆندی ڕامۆس: نەبوونی ڕامۆس بە جەستە و لە ڕووی دەروونیەوە بارگرانییە بۆ پێکهاتەی ڕیاڵ، ئەوەش بە داتا دەرکەوتووە لەهەر یارییەکدا ئەم بەرگریکارە بەشدارنەبووە.
نوێنەکردنەوەی بۆندەکەی گەورەترین کێشەی بۆ زێدان و پێکهاتەی مێرەنگی دروستکردووە.
کێشەی ئۆدیگارد و براهیم دیاز: زێدان سوورە لەسەر پشتبەستن بە جەنگاوەرە کۆنەکان، فرۆشتنی براهیم دیاز و لوکا یوڤیچ دەخرێتە ئەستۆی.
لە ئێستادا ئەم دوو یاریزانە لە میلان و ئینتراخت فرانکفۆرت باشترین ئاست پێشکەشدەکەن، بەم هۆیەوە چەند جارێک لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی ئیدارەی مێرەنگیەوە ڕەخنەی لێگیراوە.