ئەمریكا و ئیسرائیل بیر لە لێدان لە عێراق دەكەنەوە

تەلئەبیب ڕاپۆرتی سەربازیی لێدان لە میلیشیاكانی عێراقی خستووەتە بەردەم واشنتن و ئیدارەكەی ترەمپیش ئامادەكارییەكانی ئیسرائیل بە بژاردەیەكی “خراپ” بۆ ڕاگرتنی تەواوەتیی پەلهاوێژییەكانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نازانێت.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی ئیسرائیل تودەی، چەند بەرپرسێكی باڵای سوپای بەرگریی ئیسرائیل ئاشكرایانكردووە، ئەمریكا ڕاستەوخۆ سوپای ئیسرائیلی لە ئامادەكاریی بۆ لێدان لە میلیشیاكانی عێراق ئاگاداركردووەتەوە و بەگشتیش “گڵۆپی سەوز بۆ لێدان لە عێراق” هەڵكراوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، سوپای ئاسمانیی ئیسرائیل، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) و سوپای بەرگریی ئەو وڵاتە ڕاپۆرتە سەربازییەكانیان بۆ ئۆپراسیۆنی لێدان لە میلیشیاكانی عێراق تەواوكردووە و كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا، بەتایبەتتر ڕێگە بۆ لێدان لەو میلیشیایانەی كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی دەكرێن، خۆشدەبێت و ئەمریكاش بەم هەنگاوە دەیەوێت زیاتر هێرشەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەستێنێت.

سەبارەت بە ئامانجەكانی سوپای ئیسرائیل، ئەو ڕۆژنامەیە ئەوەی خستووەتەڕوو، سوپای بەرگریی ئیسرائیل سێ ئامانجی سەرەكیی بۆ لێدان لە میلیشیاكانی عێراق دیاریكردووە و ئەوانیش بریتیین لە (ئەو كۆگایانەی وەک شوێنێک بۆ هەڵگرتنی مووشەک و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەكاردەهێنرێن، ژێرخانی سەربازیی میلیشیاكان و ئەو شوێنانەی كە پاڵپشتیی سەربازیی دەگەیەننە میلیشیاكان)، هەروەها چەند كەسایەتییەكی سەربازیش لە نێو لیستێكدا خراونەتە بەردەم ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ لەپێناو بەئامانجگرتنیان، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێک بۆ ئەو لیستەی ئیسرائیل لەلایەن واشنتنەوە نەدراوەتەوە.

تا ئێستا بە شێوەیەكی ڕەسمی واشنتن و بەرپرسانی تەلئەبیب هیچ ڕاگەیەندراوێكیان لەبارەی ئەم بابەتەوە بۆ ڕای گشتی بڵاونەكردووەتەوە، بەڵام ڕۆژنامەكە ئاشکرایکردووە، لە ئێستادا خودی بەرپرسانی حكومیی لە بەغداد ئاگاداری ئەم جووڵەیەی واشنتن و تەلئەبیبن.

بەپێی تۆڕی هەواڵیی ئیسرائیل ناو، واشنتن لە دەستپێكی ئەم جەنگەیان لەگەڵ ئێراندا، چاودێریی میلیشیاكانی عێراقی كردووە و زانیاریی وردی كۆكردووەتەوە لەسەر ئەو جووڵانەی سوپای ئێران، كە چۆن لە ڕێگەیەوە مووشەک و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هاتوونەتە نێو خاكی عێراقەوە و میلیشیاكانی عێراقیش، چەندین جار سوپای ئەمریكا و دیپلۆماتكارانیان كردووەتە ئامانج.

ئەمەش لەكاتێكدایە، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریكی ئاشكرایكردووە، بڕیار وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سوپای ئەمریكا و ئیسرائیل ئۆپراسۆنێكی بەرفراوان دژ بە تاران ئەنجامبدەن و لە سەرانسەری ئێران پێگەکانی سوپای ئەو وڵاتە، كۆگاكانی چەک و تەقەمەنی و سەكۆكانی هەڵدانی مووشەک، بكرێنە ئامانج.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share