دواى مردنى پاپاى ڤاتیکان چ رێوشوێنێک دەگیرێتەبەر؟

دواى راگەیاندنى مردنى پاپاى ڤاتیکان بڕیارە چەند رێوشوێنێک بگیرێنەبەر کە بە هەنگاوەکانى بەخاکسپاردنى دەستپێدەکات و بە دیاریکردنى شوێنگرەوەى کۆتایى دێت.

پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ حکومەتی ڤاتیکان لە بەیاننامەیەکی ڤیدیۆییدا، کۆچی دوایی پاپا فرانسیسکۆ-ى تەمەن 88 ساڵ و یەکەم سەرکردەی ئەمریکای لاتین لە کەنیسەی کاسۆلیکی راگەیاند.

پاپای ڤاتیکان، ناوی پاپا فرانسیس، خۆرخێ ماريۆ بێرگۆلیۆیە و لە ساڵی 1936 لە بۆینس ئایرسی ئەرجەنتین لەدایکبووە، لە 13ـی ئازاری 2013، پۆستەکەی لە ڤاتیکان وەرگرتووە.

پاپا لە 14ی شوباتی 2019، بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستی، لە نەخۆشخانەی گێمێلی لە رۆما خەوێندرا و هەتاوەکو کۆتایی مانگی دواتر، بەردەوامبوو لە وەرگرتنی چارەسەر.

لەم ماوەیەی پێشووشدا، دۆخی تەندروستیی پاپا فرانسیس جارێکیتر بەرەو خراپی رۆیشت و دووبارە لە نەخۆشخانە خەوێندرا، سەرەڕای ئەوەی چەند رۆژێک دواتر حکومەتی ڤاتیکان وێنەیەکی پاپا-ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە دۆخی تەندروستیی جێگیر بووەتەوە، تا ئەمڕۆ دووشەممە، بە رەسمی حکومەت کۆچی دوایی پاپا-ى راگەیاند.

گرنگیدان بە هەواڵی پاپای ڤاتیکان، تەنها گرنگیدان نییە بە کەسایەتییەکی ئاینی، بەڵكو گرنگیدانە بە کەسی یەکەمی پەیڕەوانی کاسۆلیکەکانی جیهان کە ژمارەیان زیاتر لە یەک ملیار کەسە و کەسی یەکەمی ڤاتیکان وەک یەکێک لە بچوکترین و یەکێک لە گرنگترین وڵاتانی جیهان، بەو پێیەش مردنی دەبێتە یەکێک لە رووداوە گەورەکان بۆ جیهان.

لە دواى مردنی پاپا، لە ڤاتیکان کۆمەڵێک رێورەسمی ئاینی چڕ بەڕێوەدەچن، سەرەتا دوای ئەوەی پزیشکەکان هەواڵی مردنی رادەگەیەنن، کەسێک کە بە خزمەتکاری ژوور دەناسرێت، دەچێتە لای پاپا و بانگی دەکات هەڵبستێتەوە، دوای ئەوەی هیچ ئەنجامێکی نابێت ڤاتیکان بە رەسمی هەواڵی مردنەکە رادەگەیەنێت، هەر راستەوخۆ دوای ئەوە ئەو ئەڵقەیەی پاپا کە وەک مۆر و واژوو بەکاردێت دەشکێنرێت و نۆ رۆژ پرسەی رەسمی رادەگەیەندرێت.

دوای تەواوکردنی رێککارەکانی نەخۆشخانە، تەرمی پاپا دەگوێزرێتەوە بۆ کاتریاکی قەدیس بتروس و بۆ ماوەی چەند رۆژێک سەدان هاوڵاتیی کاسۆلیکی و سەرۆکی جیهان سەردانی دەکەن، پاشتر دوای چوار بۆ شەش رۆژ تەرمەکەی بەخاک دەسپێردرێت.

ساڵی رابردوو پاپا فرانسیس واژووی لەسەر رێوشوێنەکانی بەخاکسپاردنی خۆی کرد، ئاسانکاری لە هەندێک لە رێورەسمەکانی ئەو بۆنەیەدا کرد و بەشێکی دیکەشی زیادکرد.

بەپێی رێوشوێنەکان، ناوبراو لە کادریاکی سانتا ماریا ماگیۆر لە رۆما بەخاکدەسپێردرێت، تابوتەکەی لە زنک و تەختە دروستدەکرێت، دوای تەواوبوونی ئەو رێکارانە ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی پاپای نوێ دەکرێت.

لەدوای کۆتاییهاتنی رێورەسمی بەخاکسپاردنەکە کاردینالەکانی کاسۆلیک لە کەنیسەی سیستین لە ڤاتیکان کۆدەبنەوە و لە کەنیسەکە نایەنە دەرەوە هەتا کەسێک بۆ شوێنگرەوەی پاپا هەڵنەبژێرن تەنانەت ئەگەر چەند رۆژ و هەفتەیەکیشیان پێبچێت.

پێشتر رۆژنامەی ئیندپێندتی بەریتانی لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە، ژمارەیەک لە کاردیناڵی کاسۆلیک ناویان وەک بەربژێری شوێنگرەوەی پاپا فرانسیس هاتووە، کە کاردینال بارۆلین، ئەمینداری نهێنی ڤاتیکان، پیتەر ئێردۆ کە پێشتر سەرۆکی کۆنگرەی قەشەکانی ئەوروپا، لویس ئەنتۆنیۆ تاگل کە بەرەگەز فلیپینییە، ماتیۆ زوبی سەرۆکی ئەنجومەنی قەشەکانی ئیتاڵیا لە دیارترینیانن.

ئەو کەسەی وەک پاپای نوێی ڤاتیکان هەڵدەبژێردرێت، پێویستە لە 252 کاردیناڵ 138 یان لە دەنگدانێکی نهێنیدا دەنگ بدەن و لەو ژمارەیەش دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

لەو ماوەیەی کاردیناڵەکان لە کەنیسەی سیستین دەمێننەوە، رۆژانە دەنگدانەکان دووبارە دەکەنەوە تا بە مەبەستەکەیان دەگەن، بۆ هەر جارێکیش دوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان وەرەقەی دەنگدانەکان دەسوتێنن و دوکەڵی رەش لە دوکەڵکێشی کەنیسەکە دەردەچێت، بەڵام دواجار کە بەربژێرەکە توانی دەنگی پێویست بهێنێت وەرەقەی دەنگدانەکە دەسووتێنرێت و دوکەڵێکی سپی لێوەدەردەچێت وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share