ئاوی گلدراوە كەمیكردووە.. 16 بەنداو لە هەرێم بە تەواونەكراوی جێهێڵدراون

ئاوی گلدراوەی بەنداوی دوكان هەشت مەتر و بەنداوی دەربەندیخانیش 12 مەتر دابەزیون

وشكەساڵی و دروستكردنی بەنداو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە ئاستی ئاوی گلدراوەی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ كەمتر لە نیوە دابەزاندووە، بەرپرسی بەنداوەكانیش دەڵێت، بەهۆی كێشەی بودجەوە 16 بەنداو بە تەواونەكراوی جێهێڵدراون.

تادێت ئاستی ئاوی دەریاچە و زێ و بەنداوەكان لە هەرێمی كوردستان ڕووی لە كەمی دەكەن، كەمی بارانبارینی ئەمساڵ و كەمكردنەوەی ئاو لە سەرچاوەكانیانەوە ئاستی ئاوی گلدراوەی بەنداوەكانی دوكان و دەربەندیخانی بۆ كەمتر لە نیوە دابەزاندووە.

لەگەڵ ئەوەی ئاستی ئاوی سەرچاوەكان بەخێرایی كەمدەبنەوە، لە بەرامبەردا هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم سست و خاون. بەجۆرێك لە 90%ی ئەو بەنداوانەی لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە كارەكانیان تەواونەكراون.

ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، 16 بەنداومان كاركردن تیایاندا وەستاوە.

هۆكارەكەشی بۆ بودجە گەڕاندەوە و وتی، “هەر كاتێك بودجە هەبێت دەتوانین زۆرترین بەنداو بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە، كێشەی تەكنیكیمان نییە”.

بەنداوی دێوانە یەكێكە لەوانە كە دەكەوێتە نزیك قەزای دەربەندیخان و لە ساڵی 2011ەوە دەستكراوە بە كاركردن تیایدا، ئەگەرچی 95ی كارەكانی تەواوكراوە، بەڵام بە تەواونەكراوی جێهێڵدراوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە چەندین بەنداو لەسەر زێی بچوك و ڕووباری سیروان دروستكراون كە سەرچاوەی سەرەكی ئاوی دوكان و دەربەندیخان پێكدەهێنن.

هیچكام لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق لە بەرامبەر كەمكردنەوەی ئاو لەلایەن ئەو وڵاتە و وڵاتانی دیكە هەنگاوی كردەییان نەناوە.

ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “تائێستا هیچ ڕێككەوتنێك، هیچ كۆنوسێكی لێكتێگەیشتن، هیچ كۆبوونەوەیەكی بەرهەمهێن لەنێوان لایەنی عیراقی و لایەنی ئێرانی ئەنجام نەدراوە و، نەنوسراوەتەوە”.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەپێی مادەی 110ی دەستور ئەركی حكومەتی ناوەندییە كە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ڕێكەوتن بكات لەسەر بەشە ئاوەكانی، وەك ئەوەی خانی ئاماژەی پێدا.

بۆ چارەسەری ئەو دۆخە و ڕزگاركردنی هەرێمی كوردستان لە قەیرانی ئاو پسپۆڕان دوو هەنگاو بە پێویست دەزانن.

عەباس عەلی، پسپۆڕی سەرچاوەكانی ئاو وتی، یەكەم هەنگاو بە زانستیكردنی بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاوە، هەنگاوی دووەمیش تەواوكردنی ئەو بەنداوانەیە كە تائێستا تەواونەكراون.

ئاستی ئاوی گلدراوەی بەنداوی دوكان هەشت مەتر و بەنداوی دەربەندیخانیش 12 مەتر دابەزیون، بۆیە ئەگەر گوێ لە خەمخۆری تایبەتمەندانی بوارەكە و شارەزایان نەگیرێت، ئەگەری قەیرانێكی گەورەی ئاو لە هەرێمی كوردستان بەدوورنازانرێت.

بابەتی پێشتر

كازمی ڕاگەیەنراوێك لەبارەی دۆخی بەغدادەوە بڵاودەكاتەوە

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) ڤیاڕیاڵ بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا جامی یوروپا لیگی بەدەستهێنا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share