سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە دووکەڵ و ئاگرەکەی ناوچەی فڕێدانی خۆڵ و خاشاک لە تانجەرۆ بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئاگرەکە بە ئەنقەست نەبووە و لە ئێستادا تیمەکان سەرقاڵی کوژاندنەوەین.
شارەوانیی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەکەیدا دەڵێت، ئاگرەکە بۆ یەکەم جار ڕۆژی هەینی هەفتەی ڕابردوو، بەهۆی هەورەتریشقەوە، لە ناوچەکە کەوتەوە. تیمەکان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوامبوون لە هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، تا ڕۆژی یەکشەممە کۆنترۆڵکرا. بەڵام بەهۆی سروشتی پاشماوەکان و گڕی ماوە لە ژێرەوە، ئەمڕۆ و بۆ جارێکی دیکە ئاگرەکە سەریهەڵداوەتەوە، لە ئێستاشدا تیمەکان بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ دووبارە کۆنترۆڵکردنەوەی.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە گڕتێبەردانی بە ئەنقەست دەکەن، شارەوانی ڕایدەگەیەنێت، هاووڵاتییانی ناوچەکە گەواهیدەری ئەو ڕووداوە بوون و بە هیچ شێوەیەک بە ئەنقەست نەبووە و هیچ بەڵگەیەکیش نییە کە بیسەلمێنێت کەسێک ئاگرەکەی کردبێتەوە؛ بەڵکو بەهۆی هۆکارەکانی پەیوەست بە ئاگرەکەی پێشوو کە دەگەڕێتەوە بۆ هەورەتریشقە، جارێکی تر گڕەکە سەری هەڵداوەتەوە.