بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی كاریگەرییەكانی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لەسەر مووچەی مووچەخۆران و خۆراك لە بازاڕەكاندا، هۆشداریی دەدات.
فازڵ نەبی، بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لە میانەی چاوپێكەوتنێكدا ڕایگەیاند، ئەو لێدوان و بڕیارەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە ئەنجومەنی وەزیران باسی لێوە كرد، دیكتاتۆرانەیە و دەبوایە بیری لە ڕێگەچارەی دیكە بكردایەتەوە.
وتیشی، “سەرەڕای ئەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەڵێت ئەم هەوڵە لەسەر شانی هاووڵاتیانی ئاسایی و مووچەخۆران نەبووە، بەڵام بەم بڕیارە هەم بازرگانان كێشەیان بۆ دروستدەبێت لە كاتی كڕینی دۆلاردا هەمیش هاووڵاتیان، چونكە جیاوازی دۆلاری 132 لەگەڵ 152 لە ئێستا لەسەر شانی هاووڵاتیان دەبێت، چونكە ئەم جیاوازییە دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی نرخی شتومەك لە بازاڕەكاندا”.
جەختی لەوەشكردووەتەوە، “سەرۆكوەزیران بەم هەنگاوەی كاریگەریی لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی سەرتاسەری عێراق دروستكردووە، چونكە بەم هەنگاوە مووچەی مووچەخۆران هێزی كڕینی %20 لەدەستدەدات، چونكە ئەگەر پێشتر بۆ مانگێك بڕی 200 هەزارت بەكارهێنابێت؛ ئێستا دەبێت هەمان كاڵا بە 400 هەزار بكڕیت”.
لەباری بەهای دۆلاریشەوە بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، “پێشتر دەمگوت ئەگەر بێت و دەستكاری بەهای دینار نەكرێت ئەوا بەهیچ شێوەیەك دۆلار بەرانبەر دینار ناگاتە 160 هەزار دینار، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێستا ئەو بەهایەیان كردووەتە 152، بە دڵنیاییەوە لە بازاڕیشدا نزیكدەبێتەوە لە 165 بۆ 170 هەزار دینار”.