سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی: بەنزین هەرزان نەبێت، ناچارین کرێی پاس گران بکەین

ئازاد ئەحمەد، سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە ڕێگەی پارێزگای سلێمانییەوە بە نووسراوی ڕەسمی داوایان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە سێ بەنزینخانە تایبەت بکرێن بە دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری بۆ شۆفێرانی تاکسی و پاس بەمەبەستی هەرزانکردنی کرێی گواستنەوە و ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکانیان.

وتیشی، “ئێمە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ زیادکردنی نرخ نین، چونکە بارگرانییەکی دیکە بۆسەر شانی هاوڵاتییان زیاددەکات، بە سوپاسەوە بۆ تەواوی شۆفێران، تاوەکو ئێستا هیچ شۆفێرێکی هێڵەکانی گواستنەوەی ناوشار و دەرەوە نرخیان زیادنەکردووە، بەڵام لە ئەگەری دابیننەکردنی بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو، شۆفێرانی هێڵەکانی گواستنەوەی پاس ناچاردەبن نرخی گواستنەوە لە 750 دینارەوە بکەن بە 1000 دینار.”

سەرۆکی سەندیکای شۆفێران ڕاشیگەیاند، هەموو هەوڵێکیان چڕکردووەتەوە و سەردانی بەرپرسانیان کردووە بۆ ئەوەی لانیکەم بۆ ماوەی مانگێکیش بێت ئەو بەنزینخانانە دابینبکرێن تاوەکو ڕێگری لە بەرزبوونەوەی کرێی پاس بکەن لە شاری سلێمانی، وەک خۆی دەڵێت، ئومێدی بەوە هەیە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە ”ئەرێنی” وەڵامی نووسراوەکەیان بداتەوە و ئەوانیش کرێی گواستنەوە لەسەر هاوڵاتییان زیادنەکەن.

بەگوێرەی ئامارەکانی سەندیکای گواستنەوە و گەیاندن، لە سنووری شاری سلێمانی زیاتر لە 1700 پاس لە کاردان. ئەم پاسانە ڕۆژانە لە 23 هێڵی جیاوازی شارەکەوە هاوڵاتییان لەنێوان گەڕەک، بازاڕ و ناوچە جیاوازەکانەوە دەگوازنەوە، کرێی پاسی ئەو هێڵانەی دەچنە دەرەوەی شەقامی 60 مەتریی 750 دینارە، ئەو پاسانەشی لەناو سەنتەری شاری سلێمانی کرێی گواستنەوەی یەک نەفەریان 500 دینارە.

لەبارەی دەنگۆی هەرزانبوونی کرێی پاس لە داهاتوودا، ئازاد ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر دابینکردنی بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەت بەردەوام و جێگیربێت، لەکاتی کردنەوەی دەوامی خوێندنگەکان پێداچوونەوەیەک بە نرخەکاندا دەکەن و کرێی پاس دەکەنەوە بە 500 دینار.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share