ئاماری فەرمی: ژمارەی بەساڵاچووان لە هەرێم زیادی كردووە

بەساڵاچوویەک لەکاتی کارکردندا

ڕۆژی 1ی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک، وەک ڕۆژی جیهانیی بەساڵاچووان دیاریکراوە، بەپێی ئامارە فەرمییەكانیش 5%ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بەساڵاچوون.

مەحمود عوسمان، بەڕێوبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری پارێزگای سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە پارێزگای سلێمانی لە کۆی دوو ملیۆن و 400 هەزار دانیشتووان، 120 هەزار کەس بەساڵاچوون، تێکڕای تەمەنی بەساڵاچوونیش لای ئێمە 66 ساڵییە”.

بەڕێوبەری گشتیی ئاماری پارێزگای سلێمانی وتیشی، “ڕێژەی %5ی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی بەساڵاچوون و لە خانەی بەساڵاچووانی شاری سلێمانیشدا ئێستا 54 بەساڵاچوو چاودێری دەکرێن”.

بەپێی ئاماری فەرمیی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، لەکۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان %5یان بەساڵاچوون، ناوەندی تەمەنی مردنیش بۆ ژن 76 ساڵە و بۆ پیاوان 74 ساڵە لە هەرێم.

سەبارەت بە ژمارەی بەساڵاچووان و ڕەگەزەكانیان لە خانەكانی بەساڵاچووان لە هەرێمی كوردستان ئامارەكان ئاماژەن بۆ ئەوەی، لە پارێزگای هەولێر 64 بەساڵاچوو لە خانەی بەساڵاچوانن، 40یان پیاون و 24یان ژن، لە سلێمانیش 54 بەساڵاچوو زۆرترینیان پیاون، لە دهۆک 23 بەساڵاچوو هەن 12یان پیاون و 11یان ژن، لە گەرمیانیش 10 بەساڵاچوو لە خانەی بەساڵاچووانن کە شەشیان پیاو و چواریان ژنن.

بەپێی ئاماری ساڵی ڕابردووی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان كە بۆ میدیاكانی بڵاوكردووەتەوە، ساڵی ڕابردوو ڕێژەی بەساڵاچووان %4ی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم بووە، بەوپێیەش ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەكە %1 زیادیکردووە.

لە ڕۆژی 14ی کانونی یەکەمی ساڵی 1990، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاریدا، ڕۆژی 1ی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێك وەك ڕۆژی بەساڵاچووان دیاری بكرێت.

بابەتی پێشتر

ئایا ئێران دەتوانێت تا کۆتایی لە شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیادا بێلایەن بمێنێتەوە؟

بابەتی دواتر

ئایا خامنەیی 'جامی ژەهر' بۆ ڕزگاركردنی تاران دەنۆشێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share