ئایا ئێران دەتوانێت تا کۆتایی لە شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیادا بێلایەن بمێنێتەوە؟

ئەندامێکی هێزەئەمنییەکانی ئێران لە سنوری ئازەربایجان

لەگەڵ دروستبوونەوەی شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا هەمیشە پریشکێک لەو ئاگرە بەر ئێران دەکەوێت، چونکە ئێران چەند کیلۆمەترێک سنوری لەگەڵ هەرێمی قەرەباغ هەیە و لەگەڵ هەردوو وڵاتەکەش ئازەربایجان و ئەرمینیا سنوری هاوبەشی هەیە و بەرژەوەندییەكانیشی لەگەڵیان فراوانن.

لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا چەند پارچە ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە، پیشانی دەدات چەند بارهەڵگرێکی سەربازی لە خاکی ئێرانەوە بەرەو سنورەکان ئەرمینیا دەچن، کە بە بۆچوونی بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کاروانە سەربازییەکان چەکی ڕوسی بووە و بۆ ئەرمینیا نێردراون.

ئێران چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم قەیرانەدا دەکات؟
ئێران لە ساڵی 2016وە هەوڵیداوە خۆی لەم قەیرانەدا بێلایەن نیشان بدات، دوێنێ 30ی ئەیلول وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەتیکردەوە، چەک لە خاکەکەیەوە بۆ ئەرمینیا نێردرابێت، بەڵام جوڵەی کاروانە سەربازییەکان لە سنوری ئەرمینیا شتێکی دیکە دەڵێن.

سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوێنێ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “ئێران بەوردی کۆنترۆڵی ئەو بەرهەمانە دەکات کە لە سنوورەکانییەوە دەگوازرێنەوە و لێکۆڵینەوەی پێویست دەکات لە دەنگۆکان، ئێران رێگەنادات سنوورەکانی بەکاربهێنرێن بۆ گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ هەر وڵاتێک بێت”.

نوێنەرەکانی خامنەیی لە پارێزگاکانی نزیک لە شەڕەکە خەریکە دۆخەکە ئاڵۆز دەکەن

لەگەڵ بەردەوامی پێکدادانەکان لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا چوار نوێنەری عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە، هەرێمی قەرەباغ سەربە وڵاتی ئازەربایجانە.

محەمەد عەلی ئالهاشم، نوێنەری خامنەیی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و حسێن عاملی، نوێنەری خامنەیی لە پارێزگای ئەردەبیل و عەلی خاتەمی، نوێنەری خامنەیی لە پارێزگای زنجان و مەهدی قورەیشی، نوێنەری خامنەیی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایانکرد، قەرەباغ سەربە وڵاتی ئازەربایجانە.

لە بەیاننامەی ئەو چوار نوێنەرەی خامنەییدا هاتووە، “حکومەتی ئازەربایجان لە پاراستنی هەرێمی قەرەباغ و پاراستنی دانیشتوانەکەی بە یاسایی مامەڵەی کردووە و هەموو هەوڵەکانی بۆ پاراستنی هەرێمەکەش شەرعییە”.

بەیاننەمەکەی چوار نوێنەرەکەی خامنەیی زیاتر بەیاننامەیەکی ئاینییە و بۆ راگرتنی دڵی ئازەربایجانی ئیسلامییە کە بە پێچەوانەوە یەکێک لەلایەنەکانی شەڕەکە ئەرمەنی واتە مەسیحییە.

پێشبینی دەکرێت ئێران هەڵوێستی چۆن بێت؟
لەم شەڕەدا ئێران زۆر بە قورسی دەتوانێت هاوسەنگی ڕابگرێت، چونکە لەلایەک دەبێت دڵی ڕوسیا کە هاوپەیمانی ئەرمینیایە ڕابگرێت چونکە ئەگەر ڕوسیا داوای لێبکات لە ڕێگەی دەریای خەزەرەوە هاوکاری بۆ ئەرمینیا بنێرێت ناتوانێت رەتیبکاتەوە، بەو پێیەی روسیا بە یەکێک لە پشتیوانەکانی ئێران لەناوچەکەدا دادەنرێت.

لەلایەکی دیکەوە ئێران ناتوانێت دژی ئازەربایجان بوەستێتەوە، چونکە 10 ملیۆن و 900 هەزار تورکی ئازەری لە ئێراندا دەژین و بەشێکی زۆر لەم تورکە ئازەرییانە لایەنگری کۆماری ئازەربایجان و تورکیان و لە چەندین قەیراندا کە ڕوبەڕووی تورکیا و ئازەربایجان بۆتەوە، لایەنگری خۆیان بۆ ئەو دوو وڵاتە بە ئاشکرا دەربڕیووە.

بابەتی پێشتر

كۆرۆنا بازاڕی دەرمانی لە هەرێم گەرم كردووە

بابەتی دواتر

ئاماری فەرمی: ژمارەی بەساڵاچووان لە هەرێم زیادی كردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share