لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە وەرزی هاویندا، توێژینەوە زانستییەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە هەندێک جۆری خۆراک دەتوانن ببنە هۆی وشکبوونەوەی جەستە و زیاتر پێویست بە ئاو و هەستکردنی زیاتر بە گەرما.
لە توێژینەوەیەکی زانکۆی هارڤارد کە لە ساڵی 2014 ئەنجامدراوە، پسپۆڕان بۆیان دەرکەوتووە خواردنی پڕ لە خوێ، وەک خۆراکی خێرا و چپس، دەبێتە هۆی زیادبوونی تینوێتی، چونکە جەستە بۆ هاوسەنگکردنی ئاستی سۆدیۆم پێویستی بە ئاوی زیاتر هەیە.
هەروەها خواردنی تون و پڕ لە بیبەر، گەرمیی جەستە زیاددەکات و وا دەکات جەستە ئارەقەی زیاتر دەربدات، کە لە ڕۆژانی گەرمدا هەستی ماندووبوون و گەرما زیاددەکات.
لە لایەکی دیکەوە خواردنی پڕ لە پرۆتین و چەوری وەک گۆشتی سوور، پرۆسەی هەرسکردنیان وزەی زیاتری دەوێت و ئەمەش بە (تێرمۆجێنیسی خۆراک) ناسراوە، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی گەرمیی ناو جەستە.
خواردن و خواردنەوەی پڕ لە شەکرەکان تینوێتی زیاددەکەن لە جەستەدا، چونکە بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا کاریگەریی لەسەر هاوسەنگیی شلەی جەستە دەکات.
پسپۆڕان پێشنیار دەکەن لە وەرزی هاویندا زیاتر میوە و و سەوزە بخورێت و ڕۆژانە بەردەوام ڕێژەی پێویستیی ئاو بخورێتەوە بۆ پاراستنی جەستە لە وشکبوون و کەمکردنەوەی هەستکردن بە گەرما.