کەشناسێک: ڕۆژانی جەژن شەپۆلێکی گەرما ڕوو لە ناوچەکانمان دەکات

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایدەکات، ڕۆژانی جەژن شەپۆلێکی گەرما ڕوودەکاتەوە ناوچەکانمان و لە گەرمیان پلەی گەرما دەگاتە 42 پلەی سیلیزی.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ئاشکرایکرد، لە ڕۆژی چوارشەممەوە، ناوچەکانمان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بارستەهەوایەکی گەرم کە سەرچاوەکەی ناوچەکانی باکووری سعودیە و باشووری عێراقە، پلەی گەرما سێ تا چوار پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە و لوتکەی کاریگەریی شەپۆلی گەرماکە دەکەوێتە دووەم ڕۆژی جەژنی قوربان، کە دەکاتە رۆژی پێنجشەممە، تیایدا پێشبینیدەکرێت پلەی گەرما بە ڕێژەیەکی بەرچاوتر لە سەرجەم ناوچەکان بەرزببێتەوە.

وتیشی، بەرزترین پلەی گەرما لە سەنتەری سلێمانی دەگاتە 35 پلە، هەولێر 38 پلە، دهۆک 36 پلە، هەڵەبجە 36 پلە، کەرکوک 41 پلە و ناوچەکانی سنووری گەرمیان 42 پلە، بەگشتی ماوەی کاریگەرییەکانی کورتخایەن دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژی هەینی، لە ئەنجامی هەڵکردنەوەی هەوایەکی فێنک لە دەریای ناوەڕاستەوە و بە ئاڕاستەی ناوچەکە، جارێکی دیکە پلەی گەرما بە ڕێژەیەکی بەرچاو حەوت تا نۆ پلەی سیلیزی نزم دەبێتەوە و کاریگەریی شەپۆلی گەرماکە نامێنێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share