وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەنجامی رەسمیی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر راگەیاند.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە چەند خاڵێکدا خۆی دەبینێتەوە:
1- هێرشەکە بە دوو درۆن ئەنجامدراوە؛ درۆنێکیان بەر کێڵگەکە کەوتووە، ئەوەی دیکەش لە دەرەوەی کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە. پاشماوەی هەردوو درۆنەکە هەڵگیراون بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر.
2- ئەو دوو درۆنەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە، لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی قەزای دوزخورماتووەوە هەڵدراون.
3- ئەمە یازدەهەمین هێرشە بۆ سەر ئەم کێڵگەیە.
4- ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە کەسانی لەیاسادەرچوون و هەندێکیان فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە و دیارە کە کێن، لەئێستادا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت؛ دوای سەپاندنی تاوانەکە بەسەر تۆمەتباران، دەزگا ئەمنییەکان دەستدەکەن بە کۆکردنەوەی بەڵگەی تەکنیکی بۆ سزادانیان و دادگاییکردنیان.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لیژنەی لێکۆڵینەوە، چەند رێکارێکی بۆ پاراستنی کێڵغەکە پێشنیازکردووە، بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵ، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێی بکەن، بەم شێوەیەی خوارەوە:
1- جێگیرکردنەوەی هێزی ئەمنی لە کەرتی ئۆپراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین، بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشایییەکی ئەمنی و پاراستنی هەماهەنگیی نێوان دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکان.
2- ئاراستەکردنی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و هێزەکانی حـ.ـەشدی شـ.ـەعبی، بۆ گۆڕینی فەرماندەکانی ئەو ناوچانە بە فەرماندەی لێهاتووتر.
3- پەرەپێدان و بەهێزکردنی کەناڵەکانی پەیوەندیی هەواڵگری، لەنێوان دەزگا هەواڵگرییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
4- وەزارەتی بەرگریی عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ کێڵگەکە دابینبکەن، تاوەکو پاراستنی مسۆگەربێت.
5- سەپاندنی رێکاری توند بۆ بەکارهێنان و گواستنەوەی هەموو جۆرە درۆنێک، کە پێویستە رەزامەندیی رەسمیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەسەربێت.
سەباح نوعمان جەختدەکاتەوە، “کارەکانی ئەم لیژنەیە بەردەوامدەبێت تاوەکو ئەوکاتەی هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لەم رووداوەدا هەیە، کە سەروەریی عێراق و سەرچاوە ئابورییەکانی وڵات دەخاتە مەترسییەوە، دەستنیشانبکرێن. کە ئەمە کردەوەیەکی تیرۆریستیی جددییە و ئامانج لێی، دروستکردنی بەربەست و دواخستنی هەوڵەکانە بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیریی ئەمنی و ئابوری. ئەم کردەوە تیرۆریستییە بێ سزا تێناپەڕێت، رێوشوێنی یاسایی یەکلاکەرەوەش بەرامبەر ئەنجامدەرەکان دەگیرێتەبەر”.