وەفدی ئیمڕاڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلانی کردووە و پەیامی ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کە لەلایەن وەفدەکەوە بڵاوکراوەتەوە، تێیدا ئۆجەلان جەختی لە خێراترکردنی هەنگاوە یاساییەکان کردەوە بۆ جێبەجێکردن و سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی.
ئۆجەلان ئاماژەی بەوەشكردووە، سوورن لەسەر سەرککەوتنی پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا.
دەقی بەیاننامەکەی وەفدی ئیمراڵی لەبارەی سەردانەکەیان بۆ لای عەبدوڵا ئۆجەلان:
ڕۆژی 24ی ئایاری 2026 ئێمە وەک وەفدی ئیمراڵی کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئـ.ـۆجەلان و هاوەڵانی ئەنجامدا، تێڕوانینەکانی بەڕێز ئـ.ـۆجەلان لە کۆبوونەوەکەدا دەتوانین بەم شێوەیە کورت بکرێتەوە:
ئەو کۆمەڵگەیانەی کە پڕن لە توڕەیی بەبێ بیرکردنەوەیەکی گەورە و بەها ئەخلاقییە پتەوەکان ناگۆڕدرێن. کۆمەڵگە لە هەموو ئاستەکانی ژیاندا چەقبەستوو و سنووردار بووە- لە ڕووی ئەخلاقی، سیاسی، یاسایی و ئابوورییەوە. بۆیە ئێمە پێداگریی لەسەر خێراکردنی ئەم پرۆسەیە دەکەین.
بەڕای من بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا دەتوانێت گۆڕانکاری ڕیشەیی بهێنێتە ئاراوە. وڵاتانی وەک ئێران و ئیسڕائیل تا دێت ڕادیکاڵ دەبن و ڕوونە کە بەردەوام دەبن لەو کارە. دروستبوونی ناسیۆنالیزم و جیاکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی بزووتنەوە بچووکەکانی ناسیۆنالیستی، زیانبەخشە. ئێمە پرۆسەیەک ئەنجامدەدەین بە ئامانجی چاودێریکردن و ڕێگریکردن لە ڕووداوە مەترسیدارەکانی ناوچەکە و وازهێنان خوێنڕشتن.
زۆر گرنگە کە هەموو هەوڵەکان لەسەر بنەمای چوارچێوەیەکی یاسایی و بناغەیەکی تۆکمە بن. مانەوە لە حاڵەتی بێهیوای و چاوەڕوانیدا تەنها مەترسی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئێمە کاتمان نییە بەفیڕۆی بدەین. من پێم وایە هەموو لایەنەکان ئەم بەرپرسیارێتییە مێژووییە لە ئەستۆ دەگرن، پەرلەمانی تورکیاش بە هەستیاریی پێویستەوە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات.
دەبێت چوارچێوەیەکی یاسایی بەردی بناغەی پرۆسەی ڕاگواستن بۆ قۆناغی دیموکراسی دابڕێژێت.
هەموارکردنی یاسایی دەمانخاتە سەر ڕێگەیەکی ئەرێنیی ڕاستەقینە، و دەمانخاتە سەر ڕێگەی بنیاتنانی دەوڵەت کە ئامانجی پڕۆسەی دیموکراسییە. گواستنەوەی دیموکراسی پێویستییەکی ژیانە و سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە زیاتر لەم ئامانجە نزیکمان دەکاتەوە.
ئایا لەژێر سیستەمێکی دیموکراسیدا دەکرێت هەڵبکوترێتە سەر بارەگای حزبێکی سیاسی؟ ئەو ڕووداوانەی کە بەرامبەر بە پارتی گەلی کۆمارییەکان (جەهەپە) ئەنجامدراوە، دەرئەنجامی نەبوونی سیاسەتێکی تنەدروست و دیموکراسیی ڕاستەقینەن. هۆکاری گەیشتنی دۆخەکە بەم ئاستە، زەوتکردنی دیموکراسییە لە تورکیا کە لە خودی جەوهەری کۆماری تورکیادا هەیە. تەنها تەماشاکردنی دیموکراسی وەک بابەتێک بۆ قسەکردن هەڵەیەکی گەورەیە، هیچ بابەتێک لە بەدیموکراتیزەکردنی کۆماری تورکیا بەپەلەتر و گرنگتر نییە.
ئێمە هەوڵ دەدەین هەلومەرجی گونجاو بۆ ئەم بابەتە خۆشبکەین لەم وڵاتەدا. لە ئیمڕاڵییەوە هەوڵدەدەین لەکاتی هەوڵدان بۆ چارەسەری یاسایی، زۆر گرنگی بەوە دەدەین کە تورکیا ئامدەبێت بۆ وەرچەرخانێکی دیموکراسییانە و یاساییانە. ئێمە ئەمە بە هەنگاوێک دەزانین بۆ کۆتاییهێنان بە نەبوونی دیموکراسی لەناوخۆی پارتە سیاسییەکان و لەنێوان. چارەسەری گونجاو بۆ ئەم هەوڵانە لە بنیاتنانی کولتوورێکی دیموکراسی و بەخشینی ناوەڕۆک دەبێت بە تورکیا لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە هەموو لایەک دەکەم کە بەشداری لە پرۆسەی ئاشتی و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراسیدا بکەن.
مانای ڕاستەقینەی تێکەڵکردنی کورد لەناو کۆماری دیموکراسییدا ئەمەیە. ئێمە دەیان ساڵە هەوڵدەدەین کۆتایی بەو چەقبەستووییە بهێنین کە ساڵانێکە یەخەی کوردی گرتوە، ئەو سروشتە توندوتیژییەی کە لە پرسی کوردەوە سەرچاوەی گرتووە، لە ڕێگەی سیستمەوە چارەسەربکرێت. دەتوانین ئەم پرۆسەیە ناوبنێین بە داڕشتنەوە، بەهاوچەرخکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی تورک و کورد.
پەیام و نامەی ئەکادیمیست و ڕۆشنبیرانی نێودەوڵەتی کە پشتیوانیی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسییان کردووە، لە کتێبێکدا کۆکراوەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە بەوپەڕی هەستیاریی ئامادەم بۆ هەڵسەنگاندنی هەر پێشنیارێک، ڕەخنەیەک، یان سەرنجێک، کە لەم قۆناغەدا بەتایبەتی پێویستمان بە ئاشتی و دیموکراسیە، سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە پاڵپشتمان بوون.
لەگەڵ ڕێزدا
25ـی ئایاری 2026
وەفدی ئیمڕاڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان