وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی تایبەت بە نەخۆشیی ڤایرۆسی هانتا بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئامادەکاری کراوە و هیچ توشبوویەکیش لە هەرێم تۆمارنەکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، ڤایرۆسی هانتا Hantavirus نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی گواستراوەیە لە ڕێگەی قرتێنەرە توشبووەکان بە بەرکەوتن لەگەڵیاندا، یان لەگەڵ دەرهاویشتەکانیان دەگوازرێتەوە. هەوکردن ڕوودەدات بە هەڵمژینی تۆزی پیسبوو بە دەرهاویشتەکانی قرتێنەری توشبوو، بەتایبەتی لەکاتی پاککردنەوەی شوێنە داخراوەکان یان هەواگۆڕکێی خراپ.
ڕاشیگەیاندووە، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، هەموو ساڵێک پێشبینی دەکرێت لەنێوان 10 بۆ زیاتر لە 100 هەزار حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی هانتا لە جیهاندا ڕووبدات، نیشانەکانی وەکو (تا، ماندووبوونی زۆر، سەرئێشە، ئازاری سک و ماسولکەکان و ڕشانەوە و کۆکە و تەنگەنەفەسی) لە حاڵەتە توندەکاندا دەردەکەوێت و ڕێژەی مردن لە 20% بۆ %50 دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ماوەی هەفتەی ڕابردووەوە، زۆر بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی WHO و بەدواداچوونی ئەم حاڵەتەیان کردووە؛ خۆشبەختانە تائێستا هیچ گومانلێکراوێک یان حاڵەتێک یان بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا Hantavirus بوونی نییە لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئامادەکاری بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی و زانیاریی تەکنیکی و ڕێنمایی پەیوەندیدار و ڕێگەی پشکنین و تاقیگە و چارەسەرییە پێویستییەکان و هۆشیاریی تەندروستی لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان.
هاوڵاتییانیش دڵنیا دەکاتەوە، “لەئێستادا هیچ سنووردارکردنێکی گەشت و بازرگانی و جووڵەی هاوڵاتییان پەیوەست بە ڤایرۆسی هانتا لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی لەئارادا نییە و تەنیا ڕێوشوێنەکانی تەندروستیی گشتی جەخت لەسەر چاودێریکردن و پتەوکردنی بەرنامەی پەتازانی بۆ زوو دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی حاڵەتەکان و ڕۆشنبیریی تەندروستی و پاکوخاوێنیی ژینگە و ڕێگریکردن لە بەرکەوتنی قرتێنەر ڕێککاری هەنووکەییە”.