داهاتووی ئوزێل بەرەو کوێ؟ گرەوەکەی لە ئارسیناڵ بردووەتەوە و زەبەلاحەکانی دیکە چاوەڕێن

مەسعود ئوزێل لەبەر دوو هۆکار یانەی ئارسیناڵ بەجێناهێڵێت

ئەستێرەی ئەڵمانی یانەی ئارسیناڵ، مەسعود ئوزێل لەم وەرزەدا لە پێکهاتەکانی مایکڵ ئارتێتا دوورخراوەتەوە و پێناچێت دووبارە بۆ یانە لەندەنییەکە یاریبکاتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا ئوزێل لە پێکهاتەکانی ئارسیناڵ بۆ خولی نایابی ئینگلیزی و خولی ئەوروپی دوورخرایەوە، لە مانگی مارسی 2020 بۆ کۆتاجار بەرانبەر وێستهام یونایتد یاریکردووە و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا بە تەواوی ونبووە، بڕیارەکەش کارگێڕی و هونەرییە.

لە سەردەمی قەیرانەکاندا و لە کاتێکدا یاریزانان لە پێناو یانەکانیاندا ئامادەییان نیشاندا موچەکانیان کەمبکرێتەوە، (عازف اللیل) ئامادەنەبوو موچەکەی پاشەکەوت بکات و پێچەوانەی بڕیارەکان وەستایەوە، لەلایەکی دیکە کێشە سیاسی و ئاینییەکانی لەگەڵ وڵاتی چین کاریگەری نەرێنیان دروستکرد و ئارتێتا لە لیستی یاریزانە بەشدارەکان بۆ پریمەرلیگ و یوروپا لیگ بەتەواوی دووریخستەوە.

ڕاهێنەر هۆکاری دوورخستنەوەکە بە هونەری وەسفدەکات و میدیاکان پێیان وایە سزادانی کارگێڕییە، لەگەڵ ئەوەشدا ناوەندکارەکە دووپاتیدەکاتەوە، لە ئارسیناڵ بەردەوام دەبێت تاوەکو کۆتاییهاتنی بۆندەکەی لە هاوینی 2021.

بۆچی ناڕوات؟

بەپێی ئەو گرێبەستەی لە نێوان ئوزێل و ئارسیناڵ واژووکراوە، بەردەوامبوونی یاریزانەکە تاوەکو کۆتایی بۆندەکەی چەندین پاداشت و ئیمتیازاتی دارایی پێدەبەخشێت (پادشاتی وەفا)، ئەمەش لە کاتێکدا ڕوویداوە کە یانە گەورەکانی دیکە خواستیان لەسەر گواستنەوەی بووە و ئیدارەی گانەرز بۆ پارێزگاریکردن لێی ئەم بەندانەیان لە گرێبەستەکەی جێگیرکردووە.

نەک هەر ئەوە، بەڵکو موچەی هەفتانەیان بەبڕی 350 هەزار پاوەند بۆ تەرخانکردووە، کە بەرزترینە لە ئینگلتەرا و هیچ یانەیەکی دیکە ئامادەنییە ئەو بڕەی پێبدات.

https://www.youtube.com/watch?v=wCkxsQ4QDwI

هاوینی 2021

بەردەوامبوونی ئوزێل لە ئارسیناڵ تاوەکو هاوینی 2021 پلانێکی بڕیار لەسەردراوە و لە دوو لایەنەوە سوود بە یاریزانەکە دەگەیەنێت.

یەکەم: دەتوانێت تاوەکو هاوینی 2021 موچە خەیاڵییەکەی وەربگرێت، ئەگەر بەر لەو وادەیە پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات ئەو بڕەی بۆ تەرخان ناکرێت، کەواتە باشترە لە لەندەن بەردەوامبێت.

دووەم: یانە زەبەلاحەکان و ئەوانەی خواستیان لەسەریەتی لە هاوینی 2021 بەهۆی کۆتاییهاتنی بۆندەکەیەوە دەتوانن بێبەرانبەر دابینی بکەن، ئەم ئاسانکارییە دەیان یانەی ئیتاڵی و فەرەنسی و ئەڵمانی هێناوەتە سەر هێڵ لە نمونەی پاریس سانت جێرمان و ئینتەرمیلان و ئەی سی میلان و چەندینێکی دیکە.

تاوەکو وادەی دیاریکراو، ئوزێل لەسەر مەشقکردن بەردەوام دەبێت و توانا جەستەییەکانی دەگەڕێنێتەوە ترۆپک، ئەگەر لە دوای مانگی کانونی دووەم لە پێکهاتەی تۆپچییەکان بەشداری پێبکرێتەوە دەبێتە باشترین دەرفەت بۆ سەلماندنی تواناکانی، خۆشی لە ڕابردوودا ئەو بەڵێنەیداوە.

ئەگەر بەردەوام پشتگوێ بخرێت، بەوپەڕی ئامادەباشی جەستەییەوە پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە دەکات و لە هەردوو ئەگەرەکەدا براوەی ئەو جەنگەیە کە لەنێوانی و ئیدارەی ئارسیناڵ بەرپابووە.

بابەتی پێشتر

ئەمشەو تیروپشکی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئەوروپا بۆ مۆندیالی قەتەر ئەنجامدەدرێت

بابەتی دواتر

پاپای ڤاتیكان سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کۆتینیۆ سێ بژاردەی لەبەردەمدایە

فیلیپی کۆتینیۆی بەرازیلی، ئەستێرەی یانەی بەرشلۆنە بۆ بەردەوامبوون لە یاریگاکانی ئەوروپا تەنها سێ بژاردەی لەبەردەمدایە و ناچاریشە موچەکەی…
Total
0
Share