نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی شوبات لەگەڵ نادیا موراد، چالاکوانی ئێزدی کۆبووەوە و لە دیدارەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکی پێویست دەکەن.
لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ” نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە لەسەر هەوڵەکان بەردەوام دەبن و کار دەکەن بۆ ئەوەی کێشەکانی ئێزدییان و ناوچەی شەنگال چارەسەر بکرێن و لەمبارەیەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکی پێویست دەکەن”.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، “نادیا مراد سوپاس و پێزانینی پێشکەش بە هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەرەوپێشبردنی دۆسیای ئێزدییەکان و خزمەتکردنیان کرد”.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پرسی گێڕانەوەی کۆمەڵێک ڕوفاتی قوربانییانی ئێزدی بۆ گوندی کۆچۆ و ڕێککەوتنی شەنگال و چەند بابەتێکی دیکەی پەیوەست بە کاروباری ئێزدییانەوە، تاوتوێ کرد.