بەڕێوبەری سندوقی پشتیوانdی پرۆژە بچوکەکانی لاوان ڕایدەگەیەنێت، ئامادەکاریی خۆیان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆژەی پێدانی قەرز بە گەنجان و تەنها ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانیان پێویستە.
ئارام ئەنوەر، بەڕێوبەری سندوقی پشتیوانیی پرۆژە بچوکەکانی لاوان لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، پلانێکی سێ ساڵەیان داڕشتووە و پێشکەشی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکەن، تایبەتە بەو پارەیەی مانگانە لە سودمەندەکانی پێشتری قەرزی بچوكەوە بۆیان دەگەڕێتەوە کە چۆن بەردەوامبن لە پێدانی قەرزی بچوک بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک لە حکومەت و وەزارەتی دارایی داوابکەن.
بەڕێوبەری سندوقی پشتیوانیی پرۆژە بچوکەکانی لاوان وتیشی، “لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەکە پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران دەکەین بۆ ئەوەی لەوێ پەسەندبکرێت و دەست بە پێدانی قەرزبکەینەوە، پێش کۆرۆنا پرۆژەکەمان ناردە لای حکومەت وەڵامدانەوەشیان بۆی باشبوو، چونکە هیچ بارگرانییەک لەسەر حکومەت و وەزارەتی دارایی دروستناکات”.
سەبارەت بە میكانیزمی پێدانی قەرزەكەش ئارام ئەنوەر ئاشكرایكرد، “هەمان ئەو پارەیەی لە سودمەندان وەردەگیرێتەوە جارێکی دیکە دابەشی دەکەینەوە، ئەوەی ئەمجارە دابەشی دەکەین بڕەکەی بەپێی ئەو داهاتە دەبێت کە بۆمان دەگەڕێتەوە، واتە هەرچەند گەڕایەوە لەسەر بنەمای ئەوە پلانی خۆمان دادەنێین کە چۆن و بە چ میکانیزمێک ئەو پارەیە جارێکی دیکە بدەینەوە بە قەرز و بەشی چەند کەس دەکات لێی سودمەند بێت”.
بە وتەی ئەو بەڕێوبەرەی قەرزی بچوك، سودمەندانی پێشتری پڕۆژەکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا نزیکەی دوو ملیار و 700 ملیۆن دیناریان گەڕاندووەتەوە و بەردەوامیش قەرزیان بۆ دێتەوە، بەڵام دۆخی نەخوازراوی کۆرۆنا بڕەکەی کەم کردووەتەوە.
ئارام ئەنوەر راشیگەیاند، ئەوانەی ئێستا قەرزیان لایە و ناتوانن پارەکە بگەڕێننەوە هیچ سزایەکی دارایی ناکەوێتە سەر شانیان تا ئەو وادەیەی درێژکراوەتەوە کە ڕۆژی 1ی ئازاری 2021-ە، تا ئەو وادەیە دواخستنی گەڕاندنەوەی پارە بۆ سەرجەم سودمەندان کراوە.
پرۆژەی قەرزی بچوک بۆ لاوان یەکێک بوو لە پرۆژەکانی کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی پرۆژەکە هەر گەنجێک کارێکی سەربەخۆی دابمەزراندایە بەپێی بڕی تێچووی پرۆژەکە لە یەک ملیۆن دینار تاوەکو 15 ملیۆن دیناری بە قەرز لەلایەن حکومەتەوە پێدەدرا و قەرزەکەش بە ماوەی شەش ساڵ وەردەگیرایەوە.
لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا، هەشت هەزار و 136 کەس قەرزی بچوکی وەرگرتووە و لە پرۆژەکە سوودمەند بووە کە بڕی ئەو پارەیەی وەریانگرتووە، نزیکەی 76 ملیار دینارە، لەو بڕەش تا ئێستا نزیکەی 44 ملیار دیناریان گەڕێندراوەتەوە و 32 ملیار هێشتا وەک قەرز لای سودمەندانی پرۆژەکە ماوە.