تۆمارێكی ڤیدیۆیی “سەرسوڕهێنەر” لە میانمار ساتی ئەنجامدانی كودەتای سوپا دژ بە حكومەتی وڵات نیشاندەدات، ڤیدیۆكە ڕاهێنانی وەرزشییە كە لەلایەن كچێكی گەنجەوە تۆماركراوە.
بەپێی ڤیدیۆكە كە لە یوتیوب بڵاوكراوەتەوە، كچەكە دەردەكەوێت كە سەرگەرمی ڕاهێنانی وەرزشییە بەوپەڕی گوڕ و تینەوە، لەكاتێكدا تانك و زرێپۆشە سەربازییەكان هەڵدەكوتنەسەر پەرلەمان و كۆنتڕۆڵی وڵات دەكەن.
كینگ هنین وای، كە مامۆستای پەروەردەی وەرزشە ڤیدیۆكەی لە دەرەوەی بینای پەرلەمانی وڵاتەكەی تۆماركردووە، بێ ئاگا لەوەی ڕاستەوخۆ لە پشتییەوە كۆتایی بە دەسەڵاتی حكومەتی وڵاتەكەی دێت.
لە ڤیدیۆكەدا (وای) ڕاهێنانی ئاسایی لەگەڵ میوزیكێكی زیندوودا دەكات، لە پشتیشەوە كاروانی ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و سەرباز ڕێگایان گرتوەتەبەر، بەر لە گەیشتنی كاروانێكی پۆلیس و سەربازان.
وای ڤیدیۆكەی لە پەیجەكەی خۆی لە فەیسبوك بڵاوكردەوە، لە دوێنێشەوە بەردەوام بینین و دووبارە بڵاوكردنەوەی لەلایەن بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ڕوو لە زیادبوونە، وەك ئەوەی ڕۆژنامەی (دەیلی مەیل) بڵاویكردوەتەوە.
ڕەتیشیكردەوە ڤیدیۆكەی بۆ گاڵتەكردن بە حكومەت، یان بۆ ئەوەی “بەناوبانگ” بێت تۆماركردبێت و، وتی زانیاری نەبووە لەوەی چی لە پشتییەوە ڕودەدات.
تا ئەمڕۆ سەدان ئەندامی پەرلەمان لە میانمار لەژێر بڕیاری نیشتەجێی ناچارانە لەنێو شوێنی پشوودانیان لە پایتەخت ماونەتەوە، لەكاتێكدا پارتی دەسەڵاتداری پێشوو داوای لە سەرانی سوپا كرد ئۆنگ سان سوكی، سەرۆكی وڵات و سەرۆكی حزبەكە ئازادبكرێت.
ئەم هەنگاوە بە ڕۆژێك پاش كودەتاكەی سوپا دێت كە ڕۆژی دووشەممە ئەنجامدرا و تیایدا گەورە سیاسییەكانی وڵات دەستبەسەركران، لەنێویشیاندا ئۆنگ سان سوكی-ی سەرۆك و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.
كودەتاكەی سوپا لەو بەیانییەدا بوو كە بڕیاربوو پەرلەمانتارانی سەرتاسەری وڵات لە پایتەخت كۆببنەتەوە بۆ كردنەوەی وەرزی نوێی پەرلەمان.