پۆلیسی چین دەیان كەسی دەستگیركردووە، كە هەستاون بە دروستكردنی ڤاكسینی ساختەی دژە كۆرۆنا.
میدیا فەرمییەكانی چین ئەمڕۆ سێشەممە 2ی شوبات ئاشكرایانكردووە، پۆلیسی چین هەستاوە بە دەستگیركردنی 80 كەس كە ڤاكسینی دژە كۆرۆنای ساختەیان دروستكردووە.
ئاژانسی شینخوای فەرمی ڕایگەیاندووە، “لە مانگی ئەیلولەوە ژمارەیەك مافیا، ئاوی سوێریان خستووەتە ناو شوشەی دەرزییەوە و وەك ڤاكسینی دژە كۆرۆنا ناساندوویانە”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، پۆلیس هەڵیكوتاوەتە سەر چەندین ناوچە لە پەكین و شارەكانی دیكە و دەستی بەسەر “3 هەزار ڤاكسینی ساختەی دژە كۆرۆنا”دا گرتووە.
هەوڵدان بۆ ساختەكردنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا لە چین، هاوكاتی هەوڵەكانی ئەو وڵاتەیە بۆ كوتانی زۆرترین ژمارەی هاوڵاتییان، كە پلانی هەیە تا ناوەڕاستی مانگی شوبات 50 ملیۆن كەسی وڵاتەكەی بكوتێت.