ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی ئاشكرایدەكات، عێراق پابەندی رێككەوتنی ئۆپیك پڵەس نەبووە لە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتدا.
هەرچەندە عێراق بەڵێن داوە كە پابەندی ڕێككەوتنی ئۆپیك پڵەس بێت بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، بەڵام بە پشتبەست بە ئەو نەوتەی لە مانگی ڕابردوودا هەناردەی كردووە، ڕەنگە پابەندی بەڵێنەكەی نەبوبێت، وەك ڕۆژنامەی بلۆمبێرگ ئاماژەی پێكردووە.
ئەو ڕۆژنامە ئەمریكییە ئاشكراشیكردووە، عێراق كە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنی نەوتە لە نێو وڵاتانی بەشدار لە ڕێكخراوی ئۆپیك، لە مانگی كانونی دووەمی ئەمساڵدا ڕۆژانە نزیكەی 3 ملیۆن و 240 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە، بەراورد بە مانگی پێشووتر ڕێژەیەكی زۆر كەمی هەناردەی كەمكردووەتەوە.
بەڵام ئەو ڕاپۆرتەی دوێنێ دووشەممە 1ی شوبات لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بڵاوكرایەوە، جیاوازتر دەردەكەوێت چونكە ئاماژەی بەوەكردووە، لە مانگی ڕابردوودا ڕۆژانە 2 ملیۆن و 868 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە.
پێشتر وڵاتی سعودیە ڕەخنەی لە عێراق و چەند وڵاتێكی دیكەی ئەندام لە ئۆپیك گرت بەوەی پابەندی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت نەبوون.
بڕیاری ئۆپیك پڵەس بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، مەبەست لێی پاڵپشتیكردنی نرخی نەوتە.