بەرهەم ساڵح: بارته‌قای سی ساڵ بیری حیکمه‌ت و سایه ‌و سێبه‌ری ئه‌و مامۆستا مه‌زنه‌ ئه‌که‌م

لە سێیەم ساڵڕۆژی ژیانئاوایی سەرۆك مام جەلال-دا، د. بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “هه‌رچه‌ند زه‌مه‌ن به‌سه‌ر کۆچی یه‌کجاره‌کی مام جه‌لال تێپه‌ڕ ئه‌بێ، بەڵام عێراق و کوردستان زیاتر پێویستیان به‌ حیکمه‌تی سیاسی و سنگفراوانی و ژیریی ئه‌و سه‌رکرده‌ ده‌گمه‌نه‌ هه‌یه.”

سەرۆككۆماری عێراق جەختدەكاتەوە كە “میراتی سیاسیی مام زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ قاڵبی حزبیی به‌رته‌سکدا کورت بکرێته‌وه‌، ‌چونکه‌ به‌شێکی هه‌ره‌ گرنگی مێژووی سیاسیی وڵاته‌که‌مان پێکئه‌هێنێت، خۆیشی سیمبولێکی هه‌ره‌ دره‌وشاوه‌ی خه‌بات و تێکۆشانه‌ به‌ مانا هه‌ره‌ فراوانه‌که‌ی.”
دەقی پەیامەكە:-سێ ساڵ به‌سه‌ر کۆچی دوایی سه‌رکرده‌و ڕابه‌ری مه‌زن مام جه‌لال تێئه‌په‌ڕێت. که‌چی بارته‌قای سی ساڵ بیری حیکمه‌ت و سایه‌و سێبه‌ری ئه‌و مامۆستا مه‌زنه‌ ئه‌که‌م، هه‌رچه‌ند زه‌مه‌ن به‌سه‌ر کۆچی یه‌کجاره‌کی مام جه‌لال تێپه‌ڕ ئه‌بێ، بەڵام عیراق و کوردستان زیاتر پێویستیان به‌ حیکمه‌تی سیاسی و سنگفراوانی و ژیریی ئه‌و سه‌رکرده‌ ده‌گمه‌نه‌ هه‌یه، بۆیه‌ دڵسۆزی و ئه‌مه‌ک نواندن بۆ گیان و رێبازی مام، پێش هه‌موو شتێک به‌رجه‌سته‌کردنی ئه‌و کلتوره‌ سیاسیه‌یه‌ که‌ مام جه‌لال کۆی ته‌مه‌نی خۆی بۆ ته‌رخان کرد، پارێزگارییه‌ له‌و خوێندنگا مه‌زنه‌ی به‌ خه‌باتی پشوودرێژانه‌ی خۆی به‌رهه‌می هێناو و توانی به‌ هاوکاری سه‌دان و هه‌زاران تێکۆشه‌ر به ئه‌زموونی حوکمڕانیی خۆبه‌خۆی کوردستان و رزگارکردنی عیراقی بگه‌یه‌نێت له‌ دیکتاتۆریه‌ت.
ئێستا له‌ناو جه‌رگه‌ی قه‌یرانه‌کانی عیراق و کوردستاندا له‌ هه‌موو کات زیاتر پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ سیاسه‌تی چه‌پکه‌ گوڵی مام به‌گیانی هاریکاری و راستگۆیی به‌رجه‌سته‌ بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاسته‌نگ و قه‌یرانه‌کان به‌ به‌رپرسیارێتییه‌کی هاوبه‌ش چاره‌سه‌ر بکه‌ین و خزمه‌تی خه‌ڵک و وڵاته‌که‌مان بکه‌ین.
له‌م یاده‌دا ئه‌مه‌وێ دوپاتی بکه‌مه‌وه‌ که‌ میراتی سیاسیی مام زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ قاڵبی حزبی به‌رته‌سکدا کورت بکرێته‌وه‌، ‌چونکه‌ به‌شێکی هه‌ره‌ گرنگی مێژووی سیاسی وڵاته‌که‌مان پێکئه‌هێنێت، خۆیشی سیمبولێکی هه‌ره‌ دره‌وشاوه‌ی خه‌بات و تێکۆشانه‌ به‌ مانا هه‌ره‌ فراوانه‌که‌ی. 
له‌ یادی سێ ساڵه‌ی کۆچی دوایی مامی رابه‌رمان، درود بۆ گیانی پاکی ئه‌نێرم و له‌ خوای مه‌زن داواکارم له‌ به‌هه‌شتی نه‌مریی پاداشتی خه‌بات و ماندوبوونی بداته‌وه‌.د. به‌رهه‌م ساڵحسه‌رۆک کۆماری عیراق

بابەتی پێشتر

ڕفاندنی یەکێک لە چالاکەکانی خۆپیشاندانەکانی عێراق کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

بابەتی دواتر

لوبنان و ئیسرائیل لەسەر سنووری نێوانیان ڕێكدەكەون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share