ڕفاندنی یەکێک لە چالاکەکانی خۆپیشاندانەکانی عێراق کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دەستەوەستانی حکومەتی عێراق لە بەرامبەر ئەو کەسانەی خۆپیشاندەران دەفڕێنن و دەیان کوژن، چالاکێکی دیکەی خۆپیشاندانەکان لە نەجەف ڕفێندرا.

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، لەگەڵ ساڵیادی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی عێراق دوێنێ 1ی تشرینی یەکەم، ئەحمەد حلو، چالاکی خۆپیشاندانەکانی عێراق لە شاری نەجەف لە نزیک فڕۆکەخانەی ئەو شارە ڕفێندراوە.

ئەوە لە کاتێکدا کە بەشێک لە میدیاکانی عێراق بەناوی هێزە ئەمنییەکانەوە ئاشکرایانکردووە، گرتنی ئەحمەد پەیوەستە بە هەندێک وتە و وتاری ئەوەوە سەبارەت بە شوێنە پیرۆزەکانی عێراق.

هاوڕێ چالاکەکانی ئەحمەد ئاماژە بەوەدەکەن، ئەحمەد حلو پاش گەڕانەوەی لە مەیدانی تەحسن لەسەر شەقامێکی گشتی لە نزیک فڕۆکەخانەی نەجەف، ڕفێندراوە.

لە ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی عێراقدا ڕێکخراوی لێبوردنیی نێودەڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا بەڵێنەکانی حکومەتەکەی مستەفا کازمی بۆ بەدواداچوون لە دۆسییەی بکوژانی خۆپیشاندەران بە مەرەکەبی سەر کاغەز ناوهێنا.

لە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوەکەدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوکراوەتەوە تێیدا هاتبوو، “یەک ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەکانی عێراقدا تێدەپەڕێت، کە خۆپیشاندەران چەندین ڕۆژ لەسەر شەقامەکان بۆ باشترکردنی ژیانیان و نەهێشتنی گەندەڵی درووشمیان وتەوە، بەڵام تا ئێستاش چەندین چالاکی خۆپیشاندەران دەگیرێن و دەکوژرێن”.

بابەتی پێشتر

بارزانی: برازاکانم کاک بافڵ و کاک قوباد هیوادارم درێژە بە ڕێگای باوکتان بدەن

بابەتی دواتر

بەرهەم ساڵح: بارته‌قای سی ساڵ بیری حیکمه‌ت و سایه ‌و سێبه‌ری ئه‌و مامۆستا مه‌زنه‌ ئه‌که‌م

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share