مورافەعە مێژووییەکەی سەرۆک مام جەلال؛ ئەو ساتەی بەبەڵگە کوردستانیبوونی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان سەلمێندرا

بیست و دوو ساڵ بەسەر مورافەعە گەورەکەی سەرۆک مام جەلال تێدەپەڕێت لەبەردەم ئەنجومەنی حوکم کە تێیدا کوردستانیبوونی کەرکوک و سەرجەم ناوچەکانی ماددەی 140ـی بە بەڵگە بۆ ئەنجومەنەکە سەلماند.

لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆ و 22 ساڵ لەمەوبەر سەرۆک مام جەلال لەبەردەم ئەنجومەنی حوکم لە بەغداد نەخشەیەکی کۆنی سەردەمی عوسمانییەکانی پشانی ئەندامانی ئەنجومەنەکە دا و ئەوەی بۆ سەلماندن کە کەرکوک بە درێژایی مێژووی خۆی بەشێکی دانەبڕاو بووە لە کوردستان و هەر بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە.

سەرۆک مام جەلال لە کۆبوونەوەکەدا بڕگەیەکی بڕیاری لیژنەی کۆمەڵەی نەتەوەکانی خوێندنەوە و وتی، “بەهیچ شێوەیەک سنووری عێراق لە چیای حەمرین تێناپەڕێت و ئەو ناوچانەی دەکەونە ئەودیوو چیای حەمرین، هەمووی خاکی کوردە.”

سەرۆک تاڵەبانی بە پشت بەستن بە بەڵگە و دیۆکۆمێنتی مێژوویی ئەوەی بۆ ئامادەبووانی ئەنجومەنی حوکم سەلماند کە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان بەدرێژایی مێژوو بەشێک بوون لە خاکی پیرۆزی کوردستان و هیچ موساوەمەیەکی لەسەر ناکرێت.

لە ساتەوەختی خستنەڕووی مورافەعە مێژوویەکەشدا، سەرۆک مام جەلال ئەوەی بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە کە دۆزی گەلی کورد دۆزێکی رەوایە و دەبێت دان بە زمانی رەسمی و نەتەوەیی کورد دا بنرێت کە زمانێکی رەسمیی عێراقی فیدراڵە و کۆتاییش بهێندرێت بە سیاسەتی راگواستن و سڕینەوەی شوناسی کورد.

ئەنجومەنی بڕیاردان یان مەجلیسی حوکم دووەمین دامەزراوەی دەوڵەتیی بوو لەپاش رووخانی رژێمی بەعس و کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵات لەلایەن هاوپەیمانانەوە کە ئەوکات پۆڵ بریمەر حاکمی مەدەنیی ئەمریکا لە عێراق بەڕێوەی دەبرد.

ئەنجومەنەکە لە 25 ئەندام پێکهاتبوون، ئەو ئەندامانە بەشێوەیەکی گشتی لە سەرۆک و نوێنەری لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی رژێمی رووخاوی بەعس پێکهاتبوون.

ئەنجومەنەکە نزیکەی ساڵێک حوکمی عێراقی کرد پاشان حکومەتی کاتیی عێراق جێگای ئەنجوومەنەکەی گرتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share