ناكۆكی باڵ بەسەر یەكەم دانیشتندا دەكێشێت
شیعە لەسەرەتادایە و كورد و سوننە نیوەی ڕێگاكەیان بڕیوە

چارەنووسی ‏ڕێككەوتن یان لێكدووركەوتنەوەی نێوان شیعە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە

ئەگەرچی كورد و سوننە گەیشتوونەتە ڕێككەوتن لەبارەی ئەوەی چۆن لەگەڵ شیعەی ‏هاوبەشیاندا هەڵسوكەوت بكەن، هێشتا فراكسیۆن و لایەنەكانی گەورە پێكهاتەكەی عێراق ‏لەناكۆكیدان، ئەمەش لەكاتێكدایە بڕیارە سبەی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێی ‏عێراق ئەنجامبدرێت، هەر ڕێككەوتن و لێكجیابوونەوەیەكیش بەدوورنازانرێت.‏

تەنها دوو ڕۆژ بەر لە دانیشتنەكەی سبەی یەكشەممە، هەردوو گەورە فراكسیۆنی ‏‏(تەقەدوم) بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی و (عەزم) بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر ‏ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی بەیەك فراكسیۆنەوە بچنە دانیشتنەكەوە، بەهێزترین كەسیش كە ‏ئەگەر زۆرە كاندیدی هاوپەیمانییە پێكهێنراوەكە بێت بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی ‏نوێنەران، محەمەد حەلبوسی-یە.‏

ڕێككەوتنەكە و بوونەوەی حەلبوسی بە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ناڕەزایەتیی بەشێك ‏لە ئەندامانی هاوپەیمانێتییەكەی خەمیس خەنجەری لێكەوتەوە، دیار نییە چارەنووسی بەچی ‏دەگات.‏

لەگەڵ ئەوەی حەلبوسی بەو ڕێككەوتنە نیوەی ڕێگاكەی بەرەو پۆستەكە بڕیوە، بەڵام ‏هێشتا دەروازەی ڕووداو و پرسی لەناكاو بەكراوەیی ماوەتەوە، لەكاتێكدا هەردوو گەورە ‏كوتلەی شیعە، ڕەوتی سەدر بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر و چێوەی هەماهەنگی كە ‏هەریەك لە (هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانیی فەتح، عەسائیبی ئەهلی حەق، ڕەوتی ‏حیكمە، هاوپەیمانیی نەسر و عەقدی وەتەنی) لەخۆدەگرێت، نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن.‏

كورد، كە لە خولی پێشوودا تا دوا ساتەكان لە ناكۆكیدا بوو، بەتایبەت بۆ یەكلاكردنەوە و ‏ناونانی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بۆ ئەمجارە ڕێككەوتن لەناو هەرێمی كوردستان ‏و دواتریش ناردنی شاندێكی هاوبەش بە سەرۆكایەتی عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی ‏سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی ‏دیموكراتی كوردستان، ئەو مانایە دەدات كە كورد لە ڕێككەوتنی تەواوەتی نزیكن بۆ ‏مامەڵەكردن لەگەڵ هاوبەشە شیعی و سونییەكان و یەكلاكردنەوەی شایستەكانی كورد و ‏هەرێم.‏

وێرای ئەم دۆخ و لێكنزیكییە ناوخۆییەی نێوان كورد و سوننە، تائێستا چارەنووسی ‏ڕێككەوتن یان لێكدووركەوتنەوەی نێوان شیعە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و ماڵی شیعە ‏بە پەرتەوازەیی پێشوازی لە دانیشتنەكەی سبەی دەكات.‏

پێكهێنانی هاوپەیمانی، دروستكردنی گەورەترین كوتلە كە پاڵێوراوەكەی بۆ پێكهێنانی ‏حكومەتی داهاتوو ڕادەسپێردرێت، لەسایەی ناكۆكیی سەدر لەگەڵ سەرانی چێوەی ‏هەماهەنگی بەوەی حكومەتی داهاتوو حكومەتی زۆرینە بێت یاخود حكومەتی سازان ‏هاوشێوەی خولەكانی پێشوو، بۆ ڕۆژانی داهاتوو جێهێڵدراوە، بەمەش یەكلاكردنەوەی ‏هەركام لە هەنگاوەكان بەرەو پێكهێنانی حكومەت، ناونان و هەڵبژاردنی كاندیدانی ‏پۆستەكانی سەرۆكایەتی كۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنەكەی سبەیدا ‏یەكلانابنەوە.‏

ڕۆژنامەی “شەرقولئەوسەت” لە زاری دكتۆر ئیحسان شمەری، سەرۆكی ناوەندی ‏بیركردنەوەی سیاسی ڕایگەیاندووە، دانیشتنی یەكەم ژمارەیەك پابەندیی سیاسی و بڕیاری ‏دادگای فیدڕاڵی لەخۆدەگرێت، كە وەك دەزانرێت بڕیارەكانی پێویستە هەموو دەسەڵاتەكان ‏پابەندبن پێوەی.‏

وتیشی، “لەڕووی دەستوورییەوە پێوستە دانیشتنەكە ئەنجامبدرێت، چونكە هیچ هەل یان ‏لێكدانەوەیەك نییە بۆ دووبارە دەركردنی نووسراوێكی دیكەی كۆماری لەلایەن سەرۆك ‏كۆمارەوە بۆ دیاریكردنی وادەیەكی نوێ، سەرەڕای ئەوەی پرسێكی دیكە لەئارادەیە، كە ‏ئەویش ماددەی 76ی دەستوورە و تیایدا باس لە تۆماركردنی كوتلەی گەورە دەكات لەناو ‏ئەو دانیشتنەدا، بەهۆیەوە نەبوونی كوتلەی گەورە لە هەڵبژاردنەكانی 2018 كاردانەوەی ‏مەترسیداری هەبوو، ناكرێت لەژێر هەر بیانوویەكدا دووبارە بكرێتەوە”.‏

شمەری پێیوایە، “بەپێی دەستوور پێویستە داواكاری پێشكەش بە سەرۆكی بەتەمەن بكرێت ‏بۆ تۆماركردنی كوتلەی گەورە لەلایەن ژمارەیەك لە فراكسیۆنەكانەوە، كە دەشێت لەنێوان ‏خۆیاندا هاوپەیمانی بكەن، بەڵام لەمجارەدا ئێمە لەبەردەم كێشەیەكی یاساییدا دەبین، نەك ‏دەستووری، ئەویش ئەوەیە كە لە یاسای نوێی هەڵبژاردندا هاتووە ناكرێت هاوپەیمانییەكە ‏لەدوای هەڵبژاردن بێت”.‏

یەكەم دانیشتن
بەپیی ئەو نووسراوەی لە 30ی كانونی یەكەمی ڕابردوو لەلایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراقەوە دەرچووە، ‏پێویستە سبەی ئەنجومەنی نوێنەران یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجامبدات.‏

دانیشتنەكە بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندام بەڕێوەدەچێت و پێدەچێت تەنها ‏سوێندخواردنی پەرلەمانتاران لەخۆبگرێت، لەگەڵ بەكراوەیی هێشتنەوەی دانیشتنەكە تا ‏ڕێككەوتنی سەرجەم لایەنەكان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و ‏هەردوو جێگرەكەی.‏

بابەتی پێشتر

دوو كەس بە تۆمەتی دراوی ساختە و ماددەی هۆشبەر لە سلێمانی دەستگیركران

بابەتی دواتر

عێراق 50 چەکداری داعشی لە سوریا وەرگرتەوە

بابەتی پەیوەندیدار