ئەنجومەنی نوێنەران “دادپەروەری لەنێوان پارێزگاكان”ی پەسەندكرد

شەوی رابردوو ژمارەیەكی دیكە لە ماددەكانی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق پەسەندكران، كە یەكێكیان ماددەی 14ی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان و بڕگەی هەشتی ماددەكە تایبەت بە مامەڵەی راستەوخۆی پارێزگاكانە كە شارەزایەكی كارگێڕی بە بڕگەی “دادپەروەری” ناویدەبات.

كاتژمێر 11:00ی شەوی رابردوو سێیەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە دەنگدان بە ماددەكانی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 دەستیپێكرد و سەرەڕای وەستاندنی بۆ ماوەیەك تا كاتژمێر 2:10 خولەكی بەرەبەیان بەردەوام بوو، بەر لەوەی لەلایەن محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بۆ كاتژمێر 01:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەڵبگیرێت.

لەمیانەی دانیشتنەكەدا 18 ماددەی پرۆژەیاساكە پەسەندكران، یەكێكیان ماددەی 14 بوو كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، دیارترینی ئەو ماددەیەش بڕگەی هەشتەمی بوو كە لەسەر داوای فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بە پێداگیری یەكێتی جێگیركرا و دواتریش پەسەندكرا.

ماددەی 14ی پرۆژەیاسای بودجە لە هەشت بڕگە پێكدێت، پەیوەستە بە چۆنیەتی فرۆشتنی نەوت، هەڵگرتنی داهاتەكەی لە ئەژماری بانكی، وردبینیكردنی ئەژمارەكە، چۆنیەتیی چارەسەری هەر گرفتێك و دوایین بڕگەش پابەندكردنی حكومەتی هەرێم بە پێدانی پێشینە بە مووچە و دادپەروەری لەنێوان پارێزگاكان و لە ئەگەری پابەندنەبوونیشدا پەنابردنی پارێزگای ستەملێكراو بۆ وەرگرتنی پشكەكەی راستەوخۆ لە حكومەتی ناوەند.

ئاراس عەلی، شارەزا و هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە بواری كارگێڕی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، پەسەندكردنی ماددەی 14ی پڕۆژەی بودجە بەتایبەت بڕگەی هەشتەم كە پەیوەستە بە مامەڵەی راستەوخۆی پارێزگاكان و بەپێداگری یەكێتی پەسەندكرا، بۆ ئەوە نییە بۆ نمونە لەئێستادا بەشە بودجە راستەوخۆ بۆ سلێمانی بێت.

وتیشی، “بەڵكو بەهۆیەوە بۆ لەمەودوا حكومەتی هەرێم ناچاردەكات بە دادپەروەری و یەكسانی داهات دابەشبكات”.

هەر كاتێك حكومەت دادپەروەری جێبەجێنەكرد و پارێزگایەك پاشكۆخرا، ئەوە مافی پارێزگاكەیە سكاڵا بكات و راستەوخۆ داهات بۆ مووچە و پرۆژەكانی وەربگرێت، وەك ئەوەی شارەزاكە ئاماژەی پێدا.

هەر لەو چێوەیەدا شەوی رابردوو خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق و سەرۆكی تیمی دانوستانكاری یەكێتی لە بەغداد لە لێدوانێكدا لەناو تەلاری ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، چیتر زوڵم لە فەرمانبەری هیچ پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان ناكرێت، لە حاڵەتێكیشدا ئەگەر غەدر لە پارێزگایەك كرا راستەوخۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق دەتوانێت بودجە و مووچەی ئەو پارێزگایە بنێرێت.

وتیشی، “ئەو هەنگاوەی یەكێتی بۆ لەتكردنی هەرێمی كوردستان و مەترسی نییە لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان، بەڵكو زامنكردنی مافی مووچەخۆرانە و دەمانەوێت مووچەخۆران هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق مانگانە لەكاتی خۆیدا مووچەكانیان وەربگرن”.

هاوكات سەرچاوەیەكی ئاگادار لەنێو گفتوگۆكانی بەر لە دانیشتنەكەی پەرلەمان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، پەسەندكردنی ئەو بڕگەیە سەرکەوتنی پرۆژە و ستراتیژی یەکێتی بوو بۆ خەڵک و موچەخۆران تا قووت و موچەکانیان پارێزراوبێت و چیتر غەدر و جیاوازی نەکرێت.

وتیشی، “ئەمە بەرگریی راستەوخۆی تەنیا و تەنیا یەکێتی بوو، بەدیهێنانی داخوازی چەند ساڵەی خەڵک بوو لەپێناو ژیان و موچەکانیان”.

“ئەو بڕگەیەی دادپەروەری دەهێنێتەدی پەسەندكرا و، بەوەش نەوەی نوێ لە مامەڵەكەی بە دەنگی پەرلەمانتارەكانیەوە شكستی هێنا” وەك ئەوەی سەرچاوەكە ئاماژەی پێدا.

دووپاتیشیكردەوە، ئەمەی یەکێتی پرۆژە و ستراتیژێکی ژیرانە بوو بۆ هەموو پارێزگاکان تا هەر پارێزگایەک هەستی بە ستەم کرد، داوای مافی خۆی بکات.

لە میانەی دانیشتنەكەی شەوی رابردوودا، جگە لە ماددەی 14 دەنگ بە ماددەكانی (25 تا 41) دران و پەسەندكران.

شەوی پێشتریش لە دووەم دانیشتنیدا ئەنجومەنی نوێنەران ماددەكانی (2، 9، 10، 11، 12، 13، 18، 19، 20، 21، 23، 24) پەسەندكرد و ماددەی 22ی سڕییەوە.

لە یەكەم كۆبوونەوەشدا كە شەوی پێنجشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو ماددەكانی (1، 3، 5، 6، 7 و 8) پەسەندكران، دەنگدان لەسەر ماددەی دوو دواخرا و ماددەی چوارەمیش سڕدرایەوە.

پرۆژەیاسای بودجە لە 67 ماددە پێكدێت و لەماوەی سێ دانیشتنی رابردوودا 36 ماددە پەسەندكراون، دوو ماددە رەتكرانەوە و بەوەش 31 ماددە ماون یەكلابكرێنەوە.

بابەتی پێشتر

لە هێرشێکی داعشدا شەش سەربازی سوپای عێراق بوونە قوربانی

بابەتی دواتر

لە سنووری ماوەت نۆ راوچی دەستگیرکران

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەزارەتی پەروەردە: پرسیارەکانی تاقیکردنەوە دەبرێنە نەخۆشخانە بۆ توشبووانی شێرپەنجە

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی کردووە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە تاقیکردنەوەی…
Total
0
Share