لە هەولێر بانگەشەی هەڵبژاردن لەنێوان گەڕەكە هەژارنشین و دەوڵەمەندنشینەكاندا جیاوازیی هەیە

لە شاری هەولێر، بانگەشەی هەڵبژاردن لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە جیاوازیی هەیە، گەڕەكە هەژارنشینەكان لەنێو گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردندان، بەڵام ئەو گەڕەكانەی دیكە كە شوێنی نیشتەجێبوونی بەرپرسان و سەرمایەدارانن، هیچ سیمایەكی بانگەشەی پێوە دیارنییە.

بەشی ڕۆژئاوای شاری هەولێر، ك بە ناوچەی زێڕین ناسراوە، زۆرینەی دانیشتووانەکەی بەرپرس و سەمایەدارن.

ئەگەر بەناو ئەم بەشەی شاردا بگەڕێیت، وادەزانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لێرە ئەنجام نادرێت، هیچ کاندیدێک وێنەی خۆی بە ستوونەکانی ئێرەوە هەڵنەواسیوە، کەس پروشەر و سیڤی خۆی ناخاتە ناو ماڵەكانەوە.

تیمی تۆڕی میدیایی ئێستا، نزیکەی هەفتەیەک، ڕۆژانە و بە بەردەوامی بەم ناوچەیەدا گەڕان، هچ کاندیدێکیان نەبینی بە شەقەمەکانیدا گوزەر بكات و داوای دەنگ لەنیشتەجێبووان بکات، یان خەڵک وێنەی لەگەڵ بگرێت.

شتێك كە بەدیكرا، بوک و زاوای چینی هەژاران بوون، كە لە ڕۆژی هاوسەرگیریدا هاتوون وێنەی یادگاری بگرن

بەڵام لە ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی پایتەختی هەرێمی کوردستان، كە ناوچە هەژارنشینەکەی هەولێرە، زۆرینەی دانیشتووانی هەولێر لەم ناوچانەدا ژیان بەسەردەبەن، لێرە بانگەشەی هەڵبژاردن گەرمە، ستوونێکی کارەبا نادۆزیتەوە وێنەی كاندیدێكی پێدا هەڵنەواسرابێت، بەجۆرێک کاندید بەکاندید دەڵێت، ڕێم کە هەتا جێت کەم.

ئێرە ناوچەیەکی بێخزمەتگوزارییە، دانیشتووانەکەی بەردەوام کێشەی ئاو و کارەبایان هەیە، لەژێر وێنە و بەڵێنی كاندیدەكاندا هەزاران دارسنەوبەر خەریکن وشکدەبن، لە بەرامبەر وێنەی کاندید و لیستەکانیش شەقامێکی 3 کیلۆمەتری هەیە، 10 ساڵە قیرتاونەکراوە.

لە ناوچە هەژارنشینەكەی هەولێر، هەندێک وێنەی کاندیدەکان دڕابوون، کاندیدیش هەبوو ئۆتۆمبێلێکی پڕکردبوو لە وێنە و بەردەوام بوو لە هەڵواسینی وێنەکانی.

پرسیار لە بەشێکی زۆری کاندیدەکان كرا ئەو جیاکارییە جوگرافییە لە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆچی؟، وەڵامیان نەدایەوە، بەڵام هاوڵاتییان لەوبارەیەوە قسە و بۆچوونیان هەبوو.

هاوڵاتییان دەڵێن، ئەوانەی زیاتر دەنگ بە كاندیدەكان دەدەن هاوڵاتییانی ناوچە هەژار نشینەكانن و هەر خەڵكی ئەو ناوچانەشن دەنگ دەدەن بە كاندیدەكان.

لە پارێزگای هەولێر یەک ملیۆن و 228 هەزار و 30 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و دابەشبوون بەسەر چوار بازنەدا، 44 کاندیدیش کێبڕکێی بەدەستهێنانی 16 کورسیی ئەو چوار بازنەیە دەکەن.

بابەتی پێشتر

كەركوك.. لە دووهەفتەی ڕابردوو 17 چەكداری داعش كوژراون

بابەتی دواتر

پلەكانی گەرما لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەرزدەبنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share