دوو کەس بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە هێرشە موشەکییەکانی سەر هەولێر دەستگیرکراون

هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر

سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی ئاشکرایکردووە، دوو کەس بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە هێرشە موشەکییەکانی شەوی ڕابردووی دەوروبەری فڕۆکەخانەی هەولێر دەستگیرکراون و یەکێک لەوانەش بەرپرسێکی حەشدی شەعبییە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردووەتەوە، “دوو کەس بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە هێرشە موشەکییەکانی شەوی ڕابردووی هەولێر دەستگیرکراون كە یەكێكیان فەرماندەی لیوای 30ی حەشدی شەعبییە”.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە CNNی ئەمریکی ڕاگەیاندووە، “سێ لە موشەکەکانی شەوی ڕابردووی هەولێر لە بنکەیەکی سەبازیی ئەمریکا کەوتوونەتەخوارەوە و موشەکێکی دیکەش لەدەرەوەی بنکەکە کەوتووەتەخوارەوە”، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەبوونی هیچ بریندارێک یان زیانێکی مادی ئەو موشەکانە بکات.

هەروەها ئەو بەرپرسە ئەمنییەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، موشەکەکەکانی شەوی ڕابردووی هەولێر قەبارەیان گەورەتر بووە لە موشەکە ئاڕاستەکراوەکان کە لە ماوەی پێشوودا بەکارهێنراون.

شەوی ڕابردوو چوارشەممە 30ی ئەیلول، لە کاتژمێر 8:30 بە کاتی هەولێر، شەش موشەک ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کران، لە کاردانەوەی ئەو هێرشانەشدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “حکومەتی هەرێم لێبوردە نابێت بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی کوردستان و وەڵامی تووندی دەبێت”.

بەرپرسانی عێراقی و دیپلۆماتە ڕۆژئاواییەکان دەڵێن، ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ کشانەوەی دیپلۆماتەکانی لە عێراق دوای ئەوەی بەغدادی ئاگادارکردەوە لە داخستنی باڵیۆزخانەکەی، ئەمەش ئەو هەنگاوەیە عێراقییەکان لێیدەترسن کە وڵاتەکەیان بکاتە مەیدانی شەڕ و پێکدادان.

بابەتی پێشتر

لێبوردنی نێودەوڵەتی: بەشێک لە بەڵێنەکانی کازمی تەنها مەرەکەبی سەر کاغەز بوون

بابەتی دواتر

دوایین گۆڕانكارییەكانی قەرەباغ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share