وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم: غاز لە بری نەوتی رەش بۆ کارگەکانی خشت دابیندەکرێت

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم، رایگەیاند، “وەزارەتی نەوتی عێراق راسپێردرا غاز لە بری نەوتی رەش بۆ کارگەکانی خشت دابینبکات”.

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “رۆژی یەکشەممە 13ی نیسانی 2025، عەلی عوسمان بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری پیشەسازیی بەغداد بەشداری لە کۆبوونەوەیەکدا کرد بەسەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق”.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لەپاش رەوانەکردنی پێشنیارەکان بە نووسراوی رەسمی و جێکردنەوەی لە بەرنامەی کاری ئەنجومەنەکە بۆ کۆبوونەوەکە بریکاری وەزارەت بە وردی باسی لە هەموو گرفتەکانی ناو نووسراوەکە کرد و گفتوگۆی چڕو پڕی لەبارەوە کرا، بڕیار لەسەر چۆنیەتی کارکردن لەسەریان درا بە راسپاردنی وەزارەتە تایبەتمەندەکان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی پێشنیارەکان و دۆزینەوەی میکانیزم و رێگاچارەی پێویست و هەماهەنگی لەنێوان لایەنی تایبەتمەند لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم”.

وەزارەتەکە دەڵێت، “هەر لە کۆبوونەوەکەدا وەزارەتی نەوتی حکومەتی عێراق راسپێردرا بە دابینکردنی غاز لە بری نەوتی رەش بۆ کارگەکانی خشت ئەمەش لە پێناو پاراستنی ژینگە، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی سەرنج وتێبینییەکانی پێویست دەربارەی گۆڕانکاری سەرچاوەی وزەی کارگەکانی خشت لەهەرێمی کوردستان لە نەوتی رەشەوە بۆ غازخستەڕوو داوایان کرد کە بڕی پێویستی غاز لە دوای گۆڕانکاری لە سیستمەکانیان دابینبکرێت هاوشێوەی کارگەکانی خشت لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق”.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share