شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی دیکەی بەفر و بارانی بەخوڕ، بە چەند قۆناغێکی جیاواز روو لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
هەڤاڵ سدیق، شارەزای بواری کەشناسی ئاشکرایکرد، پاش وەستانی بۆ ماوەیەکی کاتی، دووبارە کەشی ناسەقامگیر دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکەمان و پێشبینیدەکرێت لە رۆژی هەینی، رێکەوتی 9ی کانونی یەکەمی 2026، شەپۆلێکی دیکەی بەفر و بارانبارینی بەخوڕ، تەواوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، دهۆک، سۆران، راپەڕین، سلێمانی و هەورامان، بەفربارین دەستپێدەکاتەوە، هەروەها لە ناوچە دەشتاییەکانی هەولێر، کەرکوک و گەرمیان، ئەگەری بارانبارینی مامناوەندی باش هەیە، لە بەشێک ناوچە شاخاوییەکانی باکووری خۆرهەڵاتی هەرێمی کوردستان، ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ بۆ بارانی بە لێزمە هەیە.
وتیشی، لە هەندێک شوێن و ناوچە، ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو هەیە، هەروەها پلەی گەرمی دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت و خێرایی با زیاد دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، قوناغی دووەمی شەپۆلەکە، لە 12ی کانونی یەکەمی 2026 دەستپێدەکات، ئەمەش بەهۆی قوڵبوونەوەی بارستە هەوایەکی چڕی ساردی سیبیریا، لە بەشێکی زۆری ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەگەرهەیە بۆ بەشێک لەناوچە نزمەکانیش بەفرببارێت.