یەکگرتوو و کۆمەڵ بایکۆتی کۆبوونەوەی پەرلەمان و شاندی حکومەتیان کرد

هەردوو فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستانیان بایکۆتکرد کە تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەبارە سەردانی ئەمدواییەی شاندەکە بۆ بەغداد.

لەوبارەیەوە سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاند، ئێمە کۆبوونەوەکەمان بایکۆتکردووە، لەبەرئەوەی دەبوایە ئەم جۆرە کۆبوونەوانە دەبوو لە ناو هۆڵی پەرلەمان و بە ئامادەیی سەرجەم پەرلەمانتاران بەڕێوەبچێت.

وتیشی، هیچ وردەکارییەک نەماوە هەموولایەک نەیزانن، لەگەڵئەوەشدا سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت ئاگایان لە هەموو زانیارییەکانە پەرلەمان کۆتا دەزگایە ئەو زانیارییانەی پێدەگات.

عەبدولستار مەجید ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەگەر داواکاریی ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن حکومەتیشەوە کرابێت نەدەبوو سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەوە ڕازی ببێت کە تەنها لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆببنەوە وتی، “بەداخەوە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بووە بە بەشێک لە دەسەڵات و سەربەخۆیی خۆی وەکو دامەزراوەیەکی هەڵبژێدراوی خەڵک لەدەستداوە”.

لەلایەکی دیکەوە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکەی ڕاگەیاند بەبێئەوەی وردەکاریی ئەو هەڵوێستە ئاشکرا بکات.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر 11:00 شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، گەیشتە پەرلەمانی کوردستان و لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لیژنەی دارایی کۆدەبێتەوە بۆ خستنەڕووی وردەکارییەکانی سەردانی ئەمدواییەی شاندەکە بۆ بەغداد.

بابەتی پێشتر

(11) یاریزانی فرێش.. لە یانەکانیان ڕازی نین و بە دوای یانە و چانسێکی نوێدا دەگەڕێن

بابەتی دواتر

ئاماری کوژران و تێکهەڵچونەکانی سنوری نێوان هەرێم و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share