ئاشتی عەبدوڵا: پارتی لە نێوان بانگەشەی مافی ژن و شکۆدا؛ بە ئامانج گرتنی بەندە بۆ؟

ئاشتی عەبدوڵا رایدەگەیەنێت، ماوەی مانگێکە پەیجە سێبەرەکانی پارتی کەوتوونەتە هێرشکردنە سەری و دەشڵێت، دەزانم ئامانجیان چییە.

ئاشتی عەبدوڵا لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک بڵاویکردەوە، ماوەی مانگێکە سۆشیال میدیا و پەیجە سێبەرەکانی پارتی خراونەتە سەر هێڵ بۆ هێرشکردنە سەر بەندە، لە تەشهیر و ناوزڕاندنەوە تا هۆنینەوەی درۆ و قسەی بێ بنەما و هەڵبەستراو هیچ نەماوە نەیکەن، هەرچەندە کەسایەتی من زۆر لەوە گەورەترە بە درۆ و قسەی هەڵبەستراو لەکەدار بم، چونکە ئیشوکار و خزمەتەکانم بە دۆسیەی ژنان و مافی مرۆڤ و خەڵکانی بێ پەنا خۆی بۆ خۆی وەڵامدەرەوەی ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە رێگەی سۆشیال میدیای بەکرێگیراو و خەڵکانی پارە خۆرەوە هێرشدەکەنە سەر من، دەزانم ئامانجەکەیان چییە و بە خەیاڵی خۆیان لەکێ دەدەن،بەڵام کەس بە درۆ نەیبردووەتەوە و ئەنجامی درۆش شەرمەزارییە، ئەوان لەپێناو تەسفیەی سیاسی و ململانێی حزبی ئامادەن دەست بۆ هەموو کارێکی قێزەون و درۆ و تۆمەتێکی ناشیرین بەرن، تۆمەتەکانیشیان لە رێگەی خەڵکانی بەکرێگیراوەوە هێندە بە خێرایی و بێ دیراسە هەڵبەستووە، ئەوەیان لە بیرچووە کە “ئارامی خێزان، ئاشتی کۆمەڵگا”، وەکو بەشێک لە پابەندبوون لە بەها کۆمەڵایەتی و کوردەوارییەکان هەمیشە دروشمی کارکردنم بووە و ئەو دروشمەم لە ئیش و کاری رۆژانەمدا پراکتیزە کردووە.

ئاشتی عەبدوڵا باسیلەوەشکردووە، بەرپرسانی پارتی هەر چەند رۆژێک لەمەوبەر سەردانی ڕێکخراوەکانی ژنانی سەر بە حزبەکەیان کرد و جەختیان لە پاراستنی مافی ژنان دەکردەوە!
هەر بەرپرسانی پارتین لە ڕێگەی کەناڵەکان و لای ناوەندە دیپلۆماسییەکان بانگەشەی درۆینەی پاراستنی مافی ژنان دەکەن، بەرپرسانی پارتی لە سەرەوەی دەسەڵاتەوە تا ئەندامێکی ئاساییان باسی شکۆ و کەرامەت دەکەن، باس لە پابەندبوونی حزبەکەیان بە ئیتیک و رەوشتەوە دەکەن، بۆیە دەمەوێت ئەو پرسیارەیان رووبەڕوو بکەمەوە، هێرشکردنە سەر ژنان وهەڵبەستنی درۆ لەکوێی رەوشت و شکۆدا جێگەی دەبێتەوە؟ ئایا هەر بە راستی تۆمەت و درۆ بەلای ئەوانەوە بەشێکە لە رەوشت و شکۆ؟”.

لە کۆتاییشدا نووسیویەتی، “دەمەوێت رووی دەمم لە کونسوڵخانە و ناوەندە دیپلۆماسییەکانیش بکەم، کاتێک بەرپرسانی پارتی دێنە لاتان و بانگەشەی پاراستنی مافی ژنان و لە ئەستۆ گرتنی دۆسیەکانیان دەکەن، لەمەودوا ئەو پرسیارە لە بەرپرسانی ئەو حزبە بکەن کە مانگانە چەندە پارە لە سۆشیال میدیای بەکرێگیراودا خەرج دەکەن بۆ لەکەدار کردنی شکۆی ژنان؟”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share