ئالابا کۆتاییهاتووە؟ بایرن لەگەڵ جێگرەوەی ئالابا دەستی بە دانوستاندن کردووە

بەڕێوبەری وەرزشی بایرن میونشن ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە لەدەستدانی ئالابا دەکات

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دووپاتیدەکاتەوە، لەگەڵ جێگرەوەی داڤید ئالابای بەرگریکار دەستیان بە دانوستاندن کردووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا جموجۆڵی گەورە ڕوودەدات.

داڤید ئالابای نەمسایی بەرگریکاری ناوداری یانەی بایرن میونشن بۆندەکەی نوێنەکردووەتەوە و هاوینی 2021 بێبەرانبەر دەتوانێت ڕوو لە یانەیەکی دیکە بکات، سەرچاوەکان پێیان وایە ناوبراو ڕێککەوتنی لەگەڵ یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی کردووە و گواستنەوەی بۆ مەدرید حەتمییە.

لەم ڕۆشناییەوە، ئیدارەی یانەی بایرن میونشن دەستەوسان نەوەستاون و دەستیان بە گەڕان کردووە بەدوای بەرگریکارێکی بەتوانا و گونجاو، کە بتوانێت لە ساڵانی داهاتوو جێگەی بەرگریکارە ڕەش ئەسمەرەکەیان بگرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ناوی دایۆت ئۆپامیکانۆی بەرگریکاری فەرەنسی یانەی لایپزیچیان هەڵبژاردووە.

حەسەن ساڵحەمیدزیچ، بەڕێوبەری وەرزشیی باڤاری ئەم زانیارییانە پشتڕاست دەکاتەوە و ئاماژە بە دەستپێکی دانوستاندن دەکات لەگەڵ لێپرسراوی کاروبارەکانی ئوپامیکانۆ.

دایۆت ئوپامیکانۆ لەلایەن ئیدارەی بایرنەوە وەک جێگرەوەی ئالابا دیاریکراوە

لەم بارەیەوە دەڵێت، ” ئوپامیکانۆ یاریزانێکی بەتوانایە و گرنگی پێدەدەین، لەگەڵ لێپرسراوی کارەکانی چاوپێکەوتنێکی پڕۆفیشناڵانەی باشمان کردووە، با بزانین لە داهاتوودا چی ڕوودەدات”.

ئوپای فەرەنسی لە هاوینی 2023 بۆندەکەی کۆتاییدێت، بەڵام بەپێی بەندێک لە گرێبەستەکەیدا دەکرێت بەبڕی 40 بۆ 45 ملیۆن یورۆ نرخی شکاندنی بۆند کارابکرێت و گواستنەوەی پێبکرێت، دابینکردنی ئەم بڕەش بۆ یانەیەکی گەورەی وەک هۆلیودیەکانی ئەڵمانیا ئاستەم نییە.

بابەتی پێشتر

پاریس دەرگای نێیماری لە یانە داواکارەکان داخستووە و تەنها واژووکردن ماوە

بابەتی دواتر

گرانبەهاترین یاریزانان لەهەر یانەیەکی پریمەرلیگ لە ئۆبامیانگەوە بۆ مۆتینیۆ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share