ژمارەیەك مین لە گوندێكی سنووری گەرمیان پوچەڵكرانەوە، بەڕێوبەرایەتیی مینی ناوچەكەش دەڵێت، “ئەو ناوچەیە ناوچەیەكی پاككراوەیە لە مین و گومان لە بوونی ئەو ژمارە مینە دەكرێت لەوێ”.
ئاكۆ محەمەد، لێپرسراوی هۆشیاری و ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە گەرمیان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەمڕۆ شەممە 30ی كانونی دووەم، تیمی لەناوبردنی تەقەمەنی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی گەرمیان 13 مینی دژەکەسی و پارچەیەك گولەهاوەنی پوچەڵکردەوە و بۆ کۆگای تایبەت گواسترانەوە”.
سەبارەت بەو ناوچەیەی ئەو مینانەی لێبووە، ئاكۆ محەمەد ئاشكرایكرد، “لە ڕاستیدا ئاسایشی دەربەندیخان ئێمەی ئاگاداركردەوە لە بوونی ئەو مینانە لە گوندی بانیخێڵان لە سنووری دەربەندیخان، لە كاتێكدا ئەو ناوچەیە ناوچەیەكی پاككراوەیە لە مین”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “ئاسایشی دەربەندیخان دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە، چونكە گومان لە بوونی ئەو ژمارە مینە دەكرێت لەو ناوچەیە و كۆبوونەوەی لەو شوێنە”.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو شوێنەی مینەكانی لێبووە، نزیك لە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵكە.