بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، ئەمڕۆ شەممە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق ئامادەیبوون، دوایین پێشهات و رووداوەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێکران، جێبەجێکردنی رێککەوتنی نەوتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکان لە بەردەم ئەو رێککەوتنەدا خرانە بەر باس، لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد رێکارەکانی ناردنی مووچە خێراتر بکرێن تاوەکو کاتی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق یەکبخرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کرد و جەختیان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا باسلەوەشکراوە، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی محەمەد شیاع سودانی کرد بۆ گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆی کوڕی شەهیدە، بۆیە گرنگی تایبەتی بە کەسوکاری شەهیدان داوە و ئەوەش شایەنی پێزانینە.